چاونیوز: بەندکراوێکی کورد پاش زیاتر لە سێ مانگ دەسبەسەری، بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کرا
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، میکائیل دوودکانلوو، ناسراو بە “شۆڕش”، خەڵکی گوندی “کۆسەکەرێز”ی سەربە شاری مەهاباد، دوای ١٠٤ ڕۆژ مانەوە لە بەندیخانە، بە دانانی بارمتەی دارایی ئازاد کرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەکانی بەردەست، ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە بەندیخانەی شاری نەغەدە ڕاگیرابوو. ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی ڕەزبەر، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ، بە بڕیاری دادگا و بە دانانی بارمتەی ٨ میلیارد تمەنی، بە شێوەیەکی کاتی و هەتا کاتی دادگاییکردنی ئازاد کرا.
جێگای ئاماژەیە، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەریدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و تا ئێستا هۆکاری گرتن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە، بە ڕوونی ئاشکرا نەکراون.





