چاونیوز: شەپۆلی گرتن و بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان نیگەرانی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی “محەمەد ئەسەدی”، کاسبکارێک لە شەقامی تەختی شاری قوروە و خاوەنی دووکانی کەلوپەلی ماشین، لەلایەن چوار چەکدار بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نزیکەی کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی، ئەو کەسانە لەناکاو چوونەتە شوێنی کارەکەی، لەکاتێکدا دەموچاویان داپۆشیوە، بەبێ پێشکەشکردنی هیچ فەرمانێکی دادوەری، ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
شایانی باسە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، باری تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ئەم کەسە لە بەردەستدا نییە.





