چاونیوز: چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون، هێشتا نادیارە و لە دۆخێکی ناڕووندان.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە، پێنج ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی “حیسام عەبدینیا”، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی “گازەرخانی” و دانیشتووی شاری کامیاران تێپەڕ دەبێت. سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەم ماوەیە، ناوبراو هێشتا لە گرتنگەی کاتیدا ڕاگیراوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ زانینی شوێنی ڕاگرتن و هۆکاری وردی دەسبەسەرکردنی، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بێوڵام ماوەتەوە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لە دەستبەسەرکردنی “زانیار مورادی”، خەڵکی گوندی “کیلەکەوو” لە ناوچەی چلچەمەی دیواندەرە دەکەن. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، هێزە ئەمنییەکان شەوی ٢٨ی خەرمانان بە هەڵکوتانە سەر گوندی شوێنی نیشتەجێبوونی ناوبراو، هەوڵی دەسبەسەرکردنیان دابوو، بەڵام دوای ئەوەی نەیانتوانی دەستیان پێی بگات، شوێنەکەیان بەجێ هێشت. دواجار شەوی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانان، ئەم هاووڵاتییە لە ڕێگای گوندی “شەریفاوا” لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
شایانی باسە، زانیار مورادی پێشتریش لە ساڵی ١٤٠٠ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لەو دەمەدا دوای ٩٦ ڕۆژ ڕاگرتن لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات و گواستنەوە بۆ زیندانی ناوەندی، لە کۆتاییدا پاش ٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و بنەماڵەکانیان لە دۆخێکی چاوەڕوانی و ناڕوونیدا دەژین. دەزگا ئەمنییەکانیش هەتا ئێستا سەبارەت بە دۆخی دۆسیەی ئەم کەسانە وەڵامدەری بنەماڵەکانیان نەبوونە.





