چاونیوز: دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە شارەکانی کوردستان، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی کوردستان، بە ناوەکانی “فەرهاد وەزیری”، “ڕەزا پەرەک”، “مستەفا کەمەرخانی” و “سرووش دەبیرمەنش” خەڵکی شارەکانی سنە، بجنوورد و ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لە دۆخی ناڕوونیدا بەسەر دەبەن.
بەپێی ئەم هەواڵانە، سرووش دەبیرمەنش، خەڵکی بجنوورد، ڕۆژی شەممە، ١٨ی ڕێبەندان، پاش دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
هەروەها فەرهاد وەزیری، خەڵکی سنە و لە دووکاندارانی پاساژی ئاشنای سنە، لە ڕۆژانی ڕابردوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕەزا پەرەک، خەڵکی مەلەکشا، کە لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان، دەسبەسەر کراوە پاش ١٨ ڕۆژ چارەنووسی نادیارە.
هەروەها، مستەفا کەمەرخانی، خەڵکی ئیلام، لە ٢١ی بەفرانبارەوە سەرەڕای برینداربوونی چاوی بە هۆی ئەشکەنجەوە، هەتا ئێستە لە بەندیخانەی ئیلامدا ڕاگیراوە.
شایانی باسە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.





