دلێر سەلیمی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، لە گرتنگەی شەهرامفەری سپای شاری سنە ڕاگیراوە و بەدەست نەخۆشیی گورچیلەوە دەناڵێنێ و سەرەڕای بارودۆخی خراپی جەستەیی تا ئێستا هیچ جۆرە پێڕاگەیشتن و خزمەتگوزارییەكی پزیشکیی بۆ نەکراوە و بنەماڵەکەی لەو بارەوە نیگەرانن.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، دلێر سەلیمی زیاتر لە ۵ مانگ و نیوە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سنەوە دەسبەسەر کراوە و لەو ماوەیەدا لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆی وەک: پێوەندیگرتن و چاووپێکەوتن بە بنەماڵەکەیەوە ودەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، “دلێر سەلیمی” لە جاددەی ساوە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا و پاش دوو ڕۆژیش “ژیلا تەشەکوری” خەڵکی سەقز و هاوسەری ناوبراو خەڵکی سەقز، بەبێ پێبوونی حوکمی دادوەر لە ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و دوای نزیکەی دوو مانگ بەدانانی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.





