چاونیوز: گرتن و سەرکوتی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت لاوان و مێرمنداڵان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوامە و ڕۆژ لە ڕۆژ بەربڵاوتر دەبێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافەکانی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، ئاسۆ کەیخوسرەوی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەم شارە دەسبەسەر کرا.
شایانی باسە، تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی ئەم لاوە کوردە لە بەردەستدا نییە.
ڕەوتی دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی منداڵان و مێرمنداڵانی کوردستان، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەروا بەردەوامە و ڕاپۆرتگەلێک لەسەر توندوتیژییە جەستەیی و جینسی بەرانبەر بەم مێرمنداڵانە لە هەواڵدەرییەکانی مافی مرۆڤدا بڵاو بووەتەوە.





