بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، “بێنیامین ڕەحیمپوور”، دوای سەردانی بۆ لقی ٤ی جێبەجێکردنی سزاکانی سنە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی ساڵێک بەندکرانی تەعزیری، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییەی خەڵکی گوندی “ئەوێهەنگ” و دانیشتووی سنە، ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە، بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام”، بە ساڵێک بەندکران حوکم درابوو.
“بێنیامین” کە پێشتریش دەسبەسەر کرابوو، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لە شوێنی کاری خۆی، بەبێ حوکمی دادوەر و بە شێوەیەکی توندوتیژ، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئەمنیی سپا، ناسراو بە “شەهرامفەڕ”، کرابوو.
ناوبراو لە ماوەی ١٩ ڕۆژ دەسبەسەرکراندا، بەبێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی پەیوەندی یان چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بە بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.





