چاونیوز: دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی خەبات ئەمیری، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی دێولان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ئەم چالاکە مەدەنییە ٤٠ ساڵەیە، کە پێشینەی حوکمی سیاسیشی لە کارنامەی خۆیدا هەیە، لەم ڕۆژانەی دواییدا و بە ئەگەری زۆر لە بەرواری ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری سنە دەسبەسەر کراوە.
لە هەواڵی کوردپادا باس لەوە کراوە، کە دەسبەسەرکرانی ناوبراو، بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری ئەنجام دراوە و مەئموورە ئەمنییەکان ئەویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
خەبات ئەمیری، باوکی منداڵێکە و پێشتریش بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانییەوە کەوتبووە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە.
ناوبراو هەروەها پێشینەی دوو جار دەستبەسەرکرانی دیکەشی هەیە کە لە ڕەوتی دۆسیەی دووەمدا، حوکمی ساڵێک بەندکرانی تەعزیری لە بەندیخانە تێپەڕ کردووە.
جێی ئاماژەیە، سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەمیری لە ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکان، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەرپرسانی پەیوەندیدار لە دانانی وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکران، تۆمەتە پاڵپێوەنراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە کوردە خۆیان بواردووە.





