محەممەد ساڵحی، مامۆستای ئاینیی ئەهلی سوننەی کورد و پێشنوێژی مزگەوتی گوندی «کەڵتەگە» سەر بە شاری بۆکان، لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ بە پێنج ساڵ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە چاونیوز، لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ ئەم حوکمەی بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام (ئەنسارولسوننە)» دەرکردووە. دانیشتنی دادگاییکردنی دۆسیەکە دوای نزیکەی ٩ مانگ هەڵواسراوی، سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵ بەڕێوە چووبوو.
محەممەد ساڵحی ٢٨ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە گوندی کەڵتەگە دەسبەسەر کراو و سەرەتا بۆ بەندیخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە. ناوبراو دوای دوو مانگ، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانی سەرەتاییدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.





