دیار حاجیڕەسووڵپوور، ئەحمەد زرنگ، دیان ڕەسووڵپوور و سولەیمان (محەممەد) ئیسماعیلی، چوار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە چاونیوز گەیشتووە، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی، دیار حاجیڕەسووڵپوور، دیان ڕەسووڵپوور، ئەحمەد زرەنگ خەڵکی گوندی «گلۆڵان» و سولەیمان (محەممەد) ئیسماعیلی خەڵکی «میراوا»ی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و دەسبەسەریان کردوون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.





