ئیبراهیم مەردانی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە لە دە ڕۆژ پێش ئێستاوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە، هێشتا بە شێوەی هەڵواسراو لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییەدا لەژێر دەسبەسەری، لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی بەردەوامدا ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئیبراهیم مەردانی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، لەژێر ئەشکەنجەی بەردەوام و گوشاری دەروونیی تونددایە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە چاونیوزی ڕاگەیاند؛ ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکان، لەوانە چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو، پێوەندیی تەلەفۆنی و هەروەها مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە و بنەماڵەکەشی هیچ زانیارییەکیان لە سەر چارەنووسی ناوبراو نییە.
ئیبراهیم مەردانی ئێوارەی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان دەسبەسەر کرا.
ناوبراو پێشتریش ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤، بەهۆی ئامادەبوونی میوانان بە جلوبەرگی کوردی خاکی لە ڕێوڕەسمی زەماوەندی منداڵەکەیدا دەسبەسەر کرابوو.





