چاونیوز: کاسبکارێکی کورد لە ئەنجامی تەقەی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٥، لە بازاڕچەی شێخ سێڵە، کەسێک بە ناوی سەید فاروق مەحموودی، کوڕی سەید کەریم مەحموودی، خەڵکی شارەدێی شێخ سێڵە، سەربە شاری جوانڕۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بووە و بەرەو نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ ڕەوانە کراوە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵان، ئەم هاووڵاتییە بەبێ هیچ هۆکاری تەقەی لێ کراوە و لە ئێستەدا لە نەخۆشخانەدا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، بە بیانووی پێشگرتن لە هاوردەکردنی شتومەکی قاچاخ بۆ نێوخۆی ئێران، بەرەوڕووی هاووڵاتییانی کوردستان تەقەی ڕاستەوخۆ دەکەن، کە لە ئەنجامی ئەم کارە ساڵانە بە ڕێژەیەکی زۆر کاسبکارانی کورد بریندار دەبن و دەکوژرێن.





