ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی “ڕەحیم ئەحمەدی”، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشتر، لە سنووری “زەڵێ”ی ئەم شارە، بریندار کرا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی: ڕەحیم ئەحمەدی کە خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە، ڕانی بریندار و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی بانە کراوە. هەروەها لەم ڕووداوەدا کۆڵبەرێکی تر بە ناوی “موتەلیب” (ناسناو نادیار)، خەڵکی گوندی “بەردەبووک”، بۆ نەجاتدانی خۆی لە ڕەوتی تەقەکردن، لە بەرزایی شاخەکان بەربووەتەوە و قاچێکی شکاوە.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: ئەم دوو کۆڵبەرە لە حاڵێکدا تەقەیان لێ کراوە کە هیچ کۆڵێکیان پێ نەبووە و کیلۆمەترێک لە سنوور دوور بوون.





