باپیر (عەلی) برزە، زیندانیی سیاسیی خەڵکی پیرانشار، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازادکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، باپیر برزە، زیندانیی سیاسیی خەڵکی گوندی “چیانە” لە شاری پیرانشار، پاش تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە زیندانی نەغەدە ئازادکرا.
باپیر بەرزە ٢٣ بەفرانباری ١٤٠٢، لە لقی یەکی کاراکردنی سزاکانی دادگای گشتی و ئینقلابی پیرانشار، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەمیر ئۆجاقلو، بە تۆمەتی “دژایەتی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حیزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆن” بە ۳ ساڵ بەندکرانی تەعزیری، سزادرابوو.
باپیر بەرزه لە مانگی بانەمەڕی هەمانساڵدا، لقی ١٠٢ دادگای پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر “ڕەزا قارەمانی ساعتلو”، بە تۆمەتی “تێکدانی ڕێسا و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان” بە ساڵێک بەندکرانی تەعزیری حوکم درابوو.
ناوبراو پێشتر لە ڕۆژی ۱ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە گوندی “پەسوێ” بەبێ بڕیاری دادوەر و بە توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی لە ورمێ گوازرایەوە.
باپیر بەرزه لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەشبوو.
جێی ئاماژەیه کە ناوبراو پێشتر لە ڕەزبەری ١٤٠٠، جارێکی دیکە بە مەرج لە زیندانیی نەغەدە ئازادکرابوو.





