محەممەد ڕەشیدزادە و مستەفا قەوسی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی بانە، ماوەی ١٣ ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسیانەوە لە بەردەستدا نییە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی محەممەد ڕەشیدزادە و مستەفا قەوسی دا، وێڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکانیان، هێشتا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان بەردەست نییە.
محەممەد ڕەشیدزادە لەگەڵ مستەفا قەوسی، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، لە ڕێگەی پیرانشار ـ مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراونەتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن، تۆمەتە خراوەکانی پاڵیان و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.





