ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، هاونیشتمانییەکی خەڵکی بانە بە ناوی “هوشیار شەعبانی”، دوای برینداربوون بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی گوت: ئەم ڕووداوە لە گوندی “کانی سوور” سەر بە بانە، ڕوویداوە. هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە ئەو شوێنەی هوشیاری لێ بوو، ناوبراویش لە ژمارەی زۆری هێزە ئەمنییەکان ترساوە و هەوڵی داوە هەڵێت.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ کردووە و قاچیان بەتوندی بریندار کردووە. پاشان دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕفاندووە.
ئەم هاونیشتمانییە پێشتریش بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانییەوە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لێ کراوە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی هوشیار شەعبانی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.





