چاونیوز: لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا، ژنانی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەکرێنە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و گیانیان لەدەست دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان (هەنگاو) و ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، “فاتیمە سوڵتانی”، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری ئەسفەرایین سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی لەدەست دا.
ئەم ژنە گەنجە چەند کاتژمێرێک پێش کوژرانی، لە دوایین “ستۆریـ”ـدا کە لە پەڕەی تایبەتیی خۆی بڵاوی کردبووەوە، نووسیبووی: “ئەمشەو لەبەر منداڵەکانم دەچم، چونکە مافی خۆیانە کە ژیانێکی باشیان هەبێت”.
بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئەسفەرایین، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە کاتژمێر ١٨:٤٠ـەوە بە کۆبوونەوەی بەرفراوانی خەڵک لە شەقامی “ئیمام ڕەزا” دەستی پێ کرد و بۆ شەقامەکانی تاڵەقانی، فەرومەندی، موعەلیم و مەیدانی خومەینی پەرەی سەند؛ کە دوای هاتنی هێزە حکوومەتییەکان و ناردنی هێزی پشتیوانی لە بوژنۆرد، سەبزەوار و سەفیئاوادەوە، خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی سەرکوتێکی توندوتیژ و بەکارهێنانی چەکی جەنگی، لەوانە “دۆشکا” بوونەوە و لە ئەنجامدا لانیکەم ٩ کەس کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.





