چاونیوز: ناسنامەی هەشت هاووڵاتیی دیکەی کورد کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانبەردا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران گیانیان لەدەست داوە، ئاشکرا کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، ئەم کەسانە ڕۆژی هەینی، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (٢٣ی ژانویەی ٢٠٢٦) ناسێندراون و ناوەکانیان بڵاو کراوەتەوە.
قوربانییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران و ناوچەکانی کوردستان، لەوانە پارێزگای کرماشان و شارەکانی شاباد، سەڵماس و خۆی، لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بە تێپەڕبوونی کات بەسەر دەستپێکی ناڕەزایەتییەکاندا، ڕەهەندەکانی توندوتیژیی ڕێکخراو و کوشتاری هاووڵاتییانی ناڕازی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە زیاتر لە جاران ئاشکرا دەبێت.
ناوی ئەو قوربانییانە کە ناسنامەیان پشتڕاست کراوەتەوە بەم شێوەیەیە:
مەیسەم کەرانیان و سەید ئارمان مووسەوی (خەڵکی کرماشان)، مەسعوود سەهامی، میلاد فەڕوخی، نەوید میرزایی، جابر عەبدی (خەڵکی شاباد) سەر بە پارێزگای کرماشان؛ هەروەها میلاد ئەتمانی و موبین قەنبەری، بە ڕیزەوە خەڵکی سەڵماس و خۆی.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە، کە بەهۆی سەرکوتی توند، پچڕانی بەرفراوانی ئینتەرنێت و نەبوونی شەفافییەتی فەرمی، ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییانی ناڕەزایەتییەکان زۆر زیاتر لەو ئامارانەیە کە ڕاگەیەندراون.





