چاونیوز: مامۆستایەکی بەندکراو پاش دوو هەفتە دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەیییەکانی مامۆستایانی ئێران، “ڕەشید حیسامی” مامۆستای بەندکراوی خەڵکی قوروە، کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانانەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی قوروە دەسبەسەر و دواتر ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرابوو، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێیی ئەو هەواڵانەی کە پێشتر بڵاو بوونەتەوە، ئەم مامۆستایە لە ماوەی دەسبەسەرکردنی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی قوروە، بەرەڕووی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و ڕۆحی بووەتەوە و بە هۆی ئەشکەنجەوە چووەتە حاڵەتی بێهۆشییەوە و بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە سنە ڕەوانەی کراوە.
ئەنجومەنی ناوبراو، لەم هەواڵە ڕایگەیاندووە، ئازادکردنی ئەم مامۆستایە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە حاڵێکدایە کە هەتا ئێستە هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن دەزگای قەزایی و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو ڕانەگەیندراوە.





