چاونیوز: زۆربوونی حاڵەتەکانی خۆکوژی پشووی لە پارێزگای ئیلام بڕیوە و نەبوونی هیچ پلان و بەرنامەیەک لەلایەن بەرپرسان و دامودەزگاکانی ڕێژیم لەو پارێزگا بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە، وای کردووە کە لە ئیلام خۆکوژی لە حاڵەتەوە ببێتە دیاردە.
چانیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، بەپێی ئاماری فەرمیی بڵاوکراو لەلایەن پزیشکی یاساییەوە، ئیلام بۆ سێهەم ساڵی دوابەدوای یەک، وەکوو یەکەم پارێزگا بۆ ڕوودانی حاڵەتەکانی خۆکوژی ئەژمار دەکرێ و ساڵانە لە پارێزگای ئیلام لە هەر ١٠٠ هەزار کەس ٨٠ کەس هەوڵی خۆکوژی دەدەن.
بەپێی ئەم ئامارە کاتێک کارەساتەکە بە باشی ڕوون دەبێتەوە کە ئەم ئامارە لەگەڵ ئاماری وڵاتانی گەورەی جیهان بەراورد بکرێ؛ بۆ نموونە دوو وڵاتی لیتوانی و ڕووسیە ئەو دوو وڵاتەن کە کۆی گشتی ٣٢ حاڵەتی خۆکوشتنیان لە هەر ١٠٠ هەزار کەسدا هەیە، کە بەپێی ئەو ئامارەوە یەکەم و دووهەم وڵاتن لەمەڕ دیاردەی خۆکوژی لە جیهاندا، بەڵام پارێزگای ئیلام بەهۆی چەند هۆکار وەکوو بێکاری و نەبوونی یەکەی بەرهەمهێنان و هەژاریی لەڕادەبەدەر و هەروەها کەڵەکەبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و لە هەمووشیان گرینگتر نەبوونی هیچ پلان و بەرنامەیەک لەلایەن بەرپرسان و دامودەزگاکانی ڕێژیم لەو پارێزگا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی خۆکوژی، وای لێهاتووە کە خۆکوژی لەو پارێزگایە لە حاڵەتەوە ببێتە دیاردە.
هەر لەم بوارەدا سالار کەسرایی، مامۆستای زانکۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە: “ڕەنگە خۆکوژی لە ئیلام بە هیچ شێوەیەک بۆ دەسەڵاتدارانی ڕێژیم گرینگ نەبێت”. لە ئیلام بە پێچەوانەی هەموو ئەو داتا نێودەوڵەتییانەی کە زۆرترین ڕێژەی خۆکوشتنیان لەنێوان بەساڵاچوواندا ڕاگەیاندووە، تەمەنی خۆکوژی لەنێوان ١٦ بۆ ٣٠ ساڵیدا تۆمارکراوە؛ واتە وێرانبوونی بناغەی بنەماڵەکان و لەدەستدانی بەهێزترین و چالاکترین بەشی کۆمەڵگا کە دەسکەوت و دیاریی ڕێژیمی ئیسلامییە بۆ پارێزگای ئیلام و باقیی ناوچەکانی کوردستان و ئێران.