ئەمڕۆ ڕێکەوتی 23 تشرینی یه‌كه‌م ساڵی 2018 زایینی
آموزش وردپرس

بەسەرهاتی کۆڵبەرە کۆست‌کەوتووەکان، پاش چوار مانگان *

چوار مانگ بەسەر ئەو شەوە ناخۆشدا تێپەڕیوە، ئەو شەوەی وەک زۆر شەوانی دیکە کۆمەڵێک لاو ملی رێی شاخیان گرت هەتا خۆ بگەیەننە سەر سنوور، بارەکان لە کۆڵ نێن و بگەڕێنەوە، بەڵام چوار کەسیان ژێر رنوو کەوتن و مردن: “ئەو کات رۆژنامەکان زۆریان لە سەر نووسی، بەداخ بوون و باسی ژیانی کۆڵبەرانیان کرد، بەڵام دوایی کەس لێشی نەپرسیین.”

ئەوە قسەی “هێدی زاهیری”ین، کۆڵبەرێکی بەشمەینەتی کورد. کابووسی ئەو شەوە لە کۆڵی نابێتەوە. ئەو نزیک بە هەشت کاتژمێر لە ژێر زیاتر لە سێ مێتر بەفردا بووە و دوایی خەڵکی گووندەکەیان بە هانایەوە چوون: ” دەزانی! مردبووم. دڵم بەحاڵ لێی دەدا. کە هاتمەوە سەرەخۆ، پێموابوو مردووم. دایک وباوکم دەدی، بەڵام پێموابوو ئەو دنیایە.”‘

هێشتاش ئەو شەوەی لەبەر چاوە: “ترسی ژێر رنوو کەوتن لە کۆڵم نابێتەوە.”

هێدی ٢٦ ساڵە. بە کۆڵبەری دەژیا، بەڵام ئێستا زیاتر لە سێ مانگە بێکارە: “ئێمە رێک لەسەر سنوورین، گووندی “بێوران”ی سەردەشت. نە مەزرا و مووچەمان هەیە، نە ئاژەڵداری کەڵکی هەیە. هیچ کارگە و پیشەیەکیش نیە، پێوەی خەریک بین.”

هێدی بۆ کارێکی باش سەری بە هەموو دەرکایەکدا کردوە، بەڵام بێ ئاکام بووە: “پێیان وتم وەرە لە سەردەشت لە شیرنی سازی کار بکە، بەڵام بە چەند، مانگێ سێ سەت هەزار. ئەخە ئەو پارەیە دەردی منی پێ دەوا دەکرێ.”

لێم پرسی دوای ئەو رووداوە لە لایەن دامودەزگە دەوڵەتییەکانی یارمەتی نەکراوە؟

دەڵێ: “چەند رۆژێک پاش ئەو کارەساتە لە فەرماندارییەوە تەلیفونیان بۆ کردم و ناوونیشانیان پرسیم. وتم بەشکم خێر بێ. وتیان بڕیارە یارمەتیت بکەین، بەڵام نەیانوت چەند و کەنگێ. ئێستاش سێ مانگی بەسەردا چووە، ئەوە هەر یارمەتی دەکەن.”

رەشەممەی ئەو ساڵ “رەسووڵ خزری” نوێنەری شاری پیرانشار کە ئەندامی کۆمیتەی “حقیقت یابی” بارودۆخ و زیانەکانی کۆڵبەران بوو، بە “ئیسنا”ی وتبوو، کۆڵبەران لە نیوەی مانگی خاکەلێوە بەدواوە بیمە دەکرێن. دوو رۆژ لەمەوبەریش بەرێوەبەری سندووقی بیمەی کوردستان رایگەیاند بڕیارە ١٥ هەزار کۆڵبەر بیمە بکرێن. هێدی لەبەر ئەوەی بیمە نەبووە، زۆری لەسەر کەوتووە: “تەنانەت خەرجی نەخۆشخانەش خۆمان داومانە. نزیک بە چوار ملیۆن و نیومان چوو.”

هەندێک کۆڵبەر بۆ هاتووچۆی سەر سنوور کارتیان هەیە، بەڵام هێدی و هاوڕێکانی نیانە: “کارتی هاتووچۆ بە سەڵتان نادەن، خاوخێزاندارەکان کارتیان هەیە. ئێمەش چونکی کارتمان نەبوو، دەبووا بە تاریکان رۆیشتباین. زیاتر بەیانیان زوو رێدەکەوتین. چوون و هاتنەوەمان نزیک ١٢ کاتژمێری پێدەچوو، بەڵام شەوەکەی هەڵیکردە تۆفان، کاتژمێر حەوتی شەو رێ کەوتبووین.”

کوڵەگڕوو ئەوکی دەگرێ: “هەمیشە لە بیری ئەو کوڕانە دام. لەو رێگەیەدا چەندمان سۆحبەت و گاڵتە دەکرد، بەڵام ئێستا ئەوان چوونەتە ژێر گڵەوە.”

هێدی رۆژی وابووە جارێک شاخی بڕیوە هەتا بار بێنی و ژیانی خۆی پێ هەڵسووڕێنێ: “جارێ ١٠٠ هەتا ١٢٠ هەزار دەکەوتم. بنێشت و پۆشاک و کەوشم دێنا. بارەکەم ٣٥ تا ٤٠ کیلۆ دەبوو. کارەکە ناخۆش بوو، بەڵام چار نەبوو.”

لەناکاو قسەکانی دەبڕێ و دەڵێ: “تۆ دەتوانی کارێکم بۆ بدۆزییەوە؟”

هێدی نایەوێ دیسان خۆ لە کۆڵبەری بداتەوە، بەڵام دوو لە هاودێییەکانی کە ئەو شەوە دەگەڵی بوون چاریان ناچار بوو. ئەوان دەستیان کردوە بە کۆڵبەری کردن: “ئەوان وەک من نەکەوتبووە ژێر ئەو هەمووە بەفرەوە. دەکرا من لە جێی یەکێ لەو چوار کەسە بووام کە مردن. من جارێک لە مردن رزگارم بووە، ئیدی نامەوی یاریی بە گیانی خۆم بکەم.”

زۆربەی لاوانی گووندەکە یان خەریک کرێکارین یان کۆڵبەری: “منیش لە پۆلی سێیەمی ناوەندییەوە هەتا سێ ساڵ لەمەوبەر کرێکاریم دەکرد. کرێکاری رۆژانە بووە. رۆژێ ٢٠ تا ٣٠ هەزارم دەست دەکەوت.”

دیارە فەقیرە لە کرێکاری کردنیشدا نێوچاوانی نەیهێناوە: “جارێک لەسەر بینایەکەوە بەر بوومەوە و دەست و لاقم شکا. لەبەر ئەوە ساڵێک لە ماڵێ کەوتم. پاشان چاوم لێکرد کوڕانی گووندی خەریک کۆڵبەرین و رازیشن، منیش دەستم پێکرد. بەڵام ئێتسا ئیدی بیریشی لێناکەمەوە.”

داهاتووی لێ روون نیە: “گێژگێژم، هەموو شتێکم لێ ونە. کاتێک هیچ کاروبارێک و داهاتێکم نیە، چۆن دەتوانم هیوام بە داهاتووم هەبێ و بیری لێ بکەمەوە.”

دوو برا و چوار خوشکی هەیە. خوشکەکانی مێردیان کردوە و یەکێ لە براکانیشی سەربازە. براکەی دیکەشی خوێندوویەتی و لە شاری دیکەیە، خوێندکارە: “دایکوباوکم پیرن. باوکم داهاتێکی کەمی هەیە، من یارمەتیم دەدا. ئیستاش گیرفان پووڵییەکەم لەسەر ئەوە. زۆر ناخۆشە، زۆر.”

دیسان بە دەنگێکی لەرزۆکەوە دەڵێ: “ناتوانی کارێکم بۆ پەیدا بکەی؟”

 

* شیما شه‌هرابی

* وه‌رگێڕانی بۆ کوردی: ته‌ها ڕه‌حیمی

سه‌رچاوه‌: ایران وایر

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code