درێژەی بەشی بیست و حەوت…
دواتر ئەوە ڕۆمییەکان بوون کە بە بڵاوکردنەوەی ١٢ سواڵەتەکە، بناخەیان بۆ مافەیلی بنیام داڕشت؛ کە دواتر زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی چاویان لەم شێوەیە کرد و وەک ژێرخانێکی تۆکمە بیناکەیان لەسەر دانا. ئەم سواڵەتانە بەرلە هەموو تشتێک ئاماژەیان بە نایەکسانی چینی دەرەبەگ و دەوڵەمەند و ناڕەزایەتی چینی ڕەشۆکی لەهەمبەر خوێندن و پێگەیشتن دەکرد. ئەم سواڵەتانە لە ساڵەکانی ٤٥٠ و ٤٥١ی بەرلە مەسیح لەلایەن دەستەیەکی دە کەسی ئامادە کرابوو. مافی مرۆڤی یۆنانی لە بەستێنێکی بیروهزری فەلسەفی پێشرەو خۆی دەرخست. ماکی وەک بەشداری و شەڕاکەت، دەستەڵاتی یاسا، دادپەروەری قەزایی، مافی خاوەنداریەتی و ئازادی ڕادەربڕین هێمایەک لە بوونی مافەکانی مرۆڤ و پێناسەیەیەک بوو لای یۆنانییە قۆجییەکان. یاساگەلی “سۆلۆن” بیرمەندی یۆنانی لە سەدەی شەشی پێش زایین سیلەی چاوێکی بە ئازادی و دادپەروەری هەبووە. یۆنانییەکان، مافی تیۆری وەک هەوێنێک لە سرووشتی ئینسان و هاوڕێ دەگەڵ خودی مرۆڤ و ڕێساکان و پێویستییەکانی جیا لە شێواز و یاسای حقوقی بابەتەکە دەزانی و پێناسەیان دەکرد.
لەوکاتەوە مافەکانی مرۆڤ، لە ڕوانگەی فەیلەسوفان بە دەوری چەمک گەلی تر ڕاڤە دەکران. “ئاڵپین” لە پێشەکی کتێبی “ژۆستینین”، مافی مرۆڤ وەک پاراستنی ڕەوشی خەڵک و هەڵبەت بۆ هەموو گیانلەبەرەکان نەک هەر ئینسان دەزانی. “سوقڕات” پێێ وابوو مرۆڤ بەرئەمری یاسای سرووشتییە و مافی جێ باسی مرۆڤ وەک مافی ئازادییش دەبێ چاو لەم ڕێسایە بکا. “ئەرەستوو” بەرامبەری لە گوێڕایەڵی و دەستەڵاتداری بە یەکێک لە گرنگترین باسەکانی مافی مرۆڤ دەزانی. “زێنۆن” فەیلەسووفی یۆنانی نیوەی دووهەمی سەدەی چووارەم(پ.ز) لەسەر چییەتی مرۆڤەکان پێداگری دەکرد و سیستەمی چینایەتی ڕەد دەکردەوە.
“سیسرۆن” لە بیرمەندانی ڕێبازی “ڕەواقییون”، تەکووزی دەکردە سەر ئازادی وەک گرنگترین مافی ئینسانی، لەم دەورە مێژووییە، ڕوانگەکانی “لائۆتێسێ” و “بوودا” لەمەڕ مافی بەختەوەری و ئازادی، هەروەها پێداگری “کۆنفۆسیووس” لەسەر دادپەروەری جێگای سەرنج و بایەخە.
بە چاوخشاندنێکی خێرا بە باوەڕەکانی مافەیلی مرۆ، لەم دەورانە دیرۆکییەدا ڕۆڵی داگیرکاری و شەڕی وڵاتان، بۆشایی پێویستیی مافەکانی مرۆڤ بەرچاوە. جگە لەمەش بۆچوونە فەلسەفییەکان وەک یەکەم هەوڵەکانی بنچینەیی بۆ دەرکی مافی مرۆڤ زیاتر خۆ دەنوێنێ. بیر و ڕوانین و باوەڕەکان دەگەڵ شوێنەواری مافەکانی مرۆڤی ئەم چاخە نەتەنیا بەستێن خولقێنی دەورانەکانی مێژوویی دیکەیە بەڵکوو بناخەی فەلسەفی ناسینی مافەیلی بەشەر لە ماوەی سەدەکانی دواتریش وێنا دەکات.