چاونیوز: درێژەی بەشی (٥)…
مانای پێشکه‌وتووی مافه‌کانی مرۆڤ له سه‌ره‌تاکانی چاخی مۆدێرن و هاوکات ده‌گه‌ڵ “سکۆلاریزاسیۆن”ی ئه‌ورووپایی له ئاکاری جووله‌که-کریستییان به‌ربڵاوتر بوو و گه‌شه‌یه‌کی خێرای به‌خۆوه بینیوە.
له ڕاستیدا مافی مرۆڤ له هه‌ناوی مافه‌کانی سرووشت هه‌ڵقوڵاوه و وه‌رگیراوه، ئه‌و بۆچوونه‌ی که له‌وێدا هێزی یاسادانه‌ر به شێوازێکی به‌رهه‌ست و لۆژیکی کورت نابێته‌وه. به‌پێی ئه‌م قوتابخانه‌یه، ژیربێژی مرۆیی، بنه‌ماکانی یاسا و ڕێسا له سرووشت وه‌رده‌گرێ و به ڕێچکه‌ی یاسای سروشت دا ده‌سته‌به‌ری جێبه‌جێ بوون وه‌ده‌ست دێنیت و له ڕاستیدا به به‌شێک له نه‌ریتی مافه‌کانی سرووشت چاخه‌کانی ناوه‌ڕاست دێته‌ناسین و پێناسەی بۆ دەکرێ، که له ده‌ورانی ڕه‌وشه‌نگه‌ری له‌لایه‌ن فه‌یله‌سوفانی وه‌ک “جان لاک”، “فرانسیس هاچسۆن”، “ژان ژاک ڕۆسۆ” و… هه‌تا ڕاده‌یه‌کی زاف مانای مۆدێرنیان به‌خۆوه گرت و، له وێژه‌مانی سیاسی و شۆرشی ئه‌مه‌ریکا و شۆرشی فه‌رەنسه سه‌رنجی کۆمه‌ڵگای جیهانی و فەیلەسووفانی وەچەی نوێی بۆ لای خۆی ڕاکێشا؛ هه‌ربۆیه‌م به‌م ڕوانینه، نێرینی مۆدێرنی مافه‌کانی مرۆڤ، له‌ماوه‌ی نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م، ڕۆنرا. له‌م ده‌ورانه وێژه‌مانگه‌لی سیاسی چووه سه‌ر زاران و بووه ده‌ستووری کاری زۆرێک له ده‌وڵه‌تانی جیهانی.
به‌پێی به‌رایی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ: چوونکوو به‌فه‌رمی ناسینی وه‌جی خۆیی(منزلت ذاتی) و مافی یه‌کسان و ڕانه‌گوازراوی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی به‌شه‌ری بناخه‌ی ئازادی، دادپه‌روه‌ری و ئاشتییه له جیهان و، به گوێره‌ی بڕگه‌ی یه‌که‌می ڕاگه‌یه‌نراوی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ، هه‌موو ڕۆڵه‌کانی مرۆڤ به ئازادی له‌دایک ده‌بن و له بواری جێگه و پێگه‌ی مافه‌کان ده‌گه‌ڵ یه‌کتر به‌رامبه‌رن. هه‌موویان له ئاوه‌ز، وریایی و ویژدان به‌شی خۆیان وه‌رگرتووه و ده‌بێ ده‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌ستی برایه‌تیان هه‌بێ.
بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ
بێگومان ئه‌مڕۆ مافه‌کانی مرۆڤ، وه‌ک پێویستییه‌کی هه‌نووکه‌یی باسی لێده‌کرێ و سه‌رجه‌م وڵاتان و کلتووره‌کانیش واپێشان ده‌ده‌ن که ده‌ره‌وه‌ستن. هه‌ربۆیه وه‌ک تشتێکی هه‌ره‌پێویست که ژان و زامی مرۆڤه‌کان کێم ده‌کاته‌وه، سه‌رنجی هه‌موولایه‌کی بۆ پێداویستییه‌کانی سه‌ره‌کی بنیام و ساڕ‌ێژ که‌ره‌وه‌ی برینه‌کانی مرۆڤ، نه‌ک هه‌ر که‌متر ڕه‌خنه‌ی لێده‌گیرێ به‌ڵکوو خه‌ریکه وه‌ک نه‌ریتێکی لێبێ. به‌ڵام پرسیاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌مه‌یه که، به چ به‌ڵگه و ڕێسایه‌ک ده‌بێ حه‌تمه‌ن ئه‌و مافانه‌ی که ئازاری مرۆڤه‌کان ده‌شکێنی یان هه‌ر نه‌بێ که‌م ده‌کاته‌وه و ده‌بێته هۆی ده‌ست وێڕاگێشتن به ده‌رفه‌ت و هه‌لی باشتر، بۆ هه‌موو مرۆڤێک به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی بیروباوه‌ڕی ئۆلی، ڕه‌نگی پێست و ڕه‌گه‌زی، ده‌بێ بپارێزرێ. به‌جۆرێکی تر بۆ ده‌بێ وه‌ها مافێکی مه‌زن بۆ مرۆڤ ده‌سته‌به‌ر بکرێ؟
هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌یکه له به‌شی یه‌که‌م دا باسمان کرد، مافه‌کانی مرۆڤ له جۆری مافی ڕه‌وشتی و سرووشتین و به‌سه‌ر هه‌موو مافێکییه‌وه‌ن، واته سه‌رتر له‌هه‌ر مافێکی ده‌ستکرد و دانراون و یاساگه‌لی ڕۆنراو ده‌بێ ئه‌م ڕێسا سرووشتیانه بپارێزیت. پرسیارێکی تر دێته ئاراوه، باشه بۆچی ئه‌م یاسایانه زۆریان به‌سه‌ر ڕێسا ڕۆنراوه‌کانی ده‌وڵه‌تین و له‌سه‌رترن؟ وڵامه‌که‌ی ڕێک ئه‌و بنه‌ما و بنچینه‌ی مافه‌کانی مرۆڤه که ئێمه لێره‌دا باسی ده‌که‌ین…