کۆڵبەرێکی کوردی دیکەی خەڵکی شاری سەردەشت بوو بە ئامانجی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم.
ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی”لوقمان ڕەشیدزادە” خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری ”کانی زەرد”ی شاری سەردەشت گیانی لە دەست دا.
کوژرانی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە بۆ دابین کردنی پژیوی ژیانی خۆیان ڕوویان کردووەتە پیشەی کۆڵبەری و گواستنەوەی کەل و پەل، بە پیلان و بە ئەنقەست و بەوپەڕی بێ بەرپرسایەتییەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕۆژی کۆماری ئیسلامییەوە دەکرێنە ئامانج و بریندار، کەم ئەندام و زۆرجاریش گیانیان لە دەست دەدەن.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەنجامی سیاسەت هەڵە و شەرئەنگێزییەکانی لە ناوچەکە و پیلانی بە ئەنقەست دواکەوتوو ڕاگرتنی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بواری ئابوورییەوە، هۆکاری سەرەکی پاڵ پێوەنانی خەڵکە بۆ پیشەی نامرۆڤانەی “کۆڵبەری” و هەر خۆشی بە پیلان و بە ئەنقەست دەیانداتە بەر دەستڕێژی گوللە و دیان کوژێت.
بە پێی ئامارەکان لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو ٥٢ کۆڵبەری کورد تاکوو ئێستا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانیان لە دەست داوە و بە دەیان کەسی تر بریندار و کەم ئەندام بوون.