لە ماوەی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا هەر نەبێ 135 حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردوون.
به پێی بانکی زانیاریی ناوهندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم مانگەدا لانیکەم 18 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزه چهکدارهکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. لەو 18 کاسبکارە 13 کەسیان بریندار بوون و 5 کۆڵبەریش کوژراون و گیانیان لە دەست داوە. لە مانگی پووشپەڕیشدا 30 کۆڵبەری ناوچە سنوورییەکان کوژرابوون و بریندار بوون.
کوژران و برینداربوونی 48 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە دوو مانگی هاوینی ئەمساڵ لە حالێکدایە کە لە سێ مانگی بەهار و وەرزی یەکەمی ساڵدا 56 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە پێناو پارووە نانێکدا کوژرابوون و بریندار بوون. بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کوژراون و بریندار بوون گەیشتۆتە 104 کەس.
لە مانگی گەلاوێژدا لانیکەم سێ بەندکراوی کورد لە دار دراون و بەو 8 زیندانییەش کە لە مانگی پووشپەڕدا ئێعدام کرابوون، ژمارەی لەداردراوانی کورد لە زیندانەکانی ڕێژیم لە دوو مانگی هاویندا گەیشتە 11 کەس. دەزگای قەزایی ڕێژیم لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا 7 زیندانیی کوردی لە دار دابوو و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە زیندانەکاندا ئێعدام کراون گەیشتە 18 کەس.
لە پێوەندی لەگەڵ گرتن و بەندکراندا، لە ماوەی مانگی گەلاوێژ لانیکەم 60 کەس بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراون. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە مانگی پووشپەڕیشدا 100 و کەس لە وەرزی بەهاری ئەمساڵیشدا لانیکەم 106 کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لە دژی ڕێژیم گرتبوو. بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیراون، گەیشتە 266 کەس.
لەو 160 کەسەی لە دوو مانگی هاوینی ئەمساڵدا گیراون، لانیکەم 37 کەسیان دادگایی و سزای لە 3 مانگ هەتا 37 ساڵ بەندکرانیان (سەرجەم1523 مانگ) بەسەردا سەپاوە.
هەر وەها سێ بەندکراویش لە زیندانەکانی سنە، دێولان و ورمێ لەژێر ئەشکەنجەی زیندانبانەکان و کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی زیندان لە پاراستنی گیانی بەندکراواندا گیانیان لەدەست داوە.
تەقینەوەی مینی چێندراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی لەم مانگەشدا قوربانییەکی لێ کەوتەوە کە لەگەڵ ئەو 9 کەسەی لە مانگی گەلاوێژ و وەرزی بەهاردا ببوونە قوربانیی تەقینەوەی مین، ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون گەیشتە 10 کەس.
خۆکوژی، هەر وەکوو ڕابردوو دیاردەی تڕاژیدیکی کوردستان بوو. لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لانیکەم زیاتر لە 35 کەس خۆیان کوشتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی 26 کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. ئەوانەش کە لە مانگی پووشپەڕدا خۆیان کوشتبوو 28 کەس بوون و لە وەرزی بەهاریشدا ئەوەندەی ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردبوو، 72 کەس لە کوردستان خۆیان کوشتبوو. بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا خۆیان کوشتوە و ناو و نیشانیان تۆمار کراوە، گەیشتە 126 کەس.
لە ماوەی مانگی پووشپەڕدا لانیکەم 6 کرێکاری کورد لە کوردستان بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە، کە لەگەڵ ئەو 5 کەسەی لە مابگی پووشپەڕ و ئەو 8 کرێکارەی لە وەرزی بەهاردا بەهۆی نەبوونی ستاندارد و ئیمەنیی کار گیانیان لە دەست دابوو، ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە 5 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتە 19 کەس.
لە کۆتاییدا ئەو ئامار و زانیارییانەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بڵاوی کردۆتەوە تەنیا ئەو بەشە لەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە ئاشکرا بەمیدیایی کراون و لە لایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەیان دراوەتێ، ئەگینا ئەو ناوەندە پێی وایە کە ئاماری ورد و درووستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە دهخرێته بهرچاو.