ئەمڕۆ ڕێکەوتی 20 تشرینی دووه‌م ساڵی 2019 زایینی
آموزش وردپرس

لە دژی ژنکوژیی بەردەوام دەنگهەڵبڕینێکی نەتەوەیی و گشتی پێویستە/ قادر وریا

کوردستان لەمێژ ساڵە لە زۆر لایەنەوە ڕووی گەشی ناوچەیەکەیە. بۆ وێنە لە ئێرانێکدا کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵکەکەی لە ئاست زاڵبوونی ڕێژیمێکی کۆنەپەرست بە سەر چارەنووسیاندا، تەسلیم بوون و بەم قەدەرەی خۆیان ڕازی بوون، ئەوە کوردستان بوو ملی بۆ ئەم چارەنووسە دانەنواند و لە بەرامبەر ڕێژیمی جەهلدا ڕاوەستا و هەتا ئێستاش، لە سەر ئەم هەڵوێستەی خۆی ڕۆیشتووە و قوربانیی لە پێناودا دەدا.
هەر لەو ئێرانەدا، کە «قصاص» و «زیندەبەچاڵ کردن» و دەست و قاچ بڕینەوە و لێکهەڵاواردنی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیان و تێکۆشانی کۆمەڵ و، بردنەوەی ژنان بۆ نێو ئەندەروونییەکان و بەمێرددانی مێرمنداڵان و فرەژنی و «صیغە» کردن لە سێبەری دەسەلاتدارێتیی کۆنەپەرستیی لێ زیندوو کرایەوە، کوردستان ڕێگەی پێچەوانەی گرتەبەر و جاڕی نەمانی کۆیلەیی و چەوسانەوەی ژنانی دا و، بانگی یەکسانیی ژن و پیاوی بەرزکردەوە.
٤٠ ساڵە «تاران» لە سەکۆی مەجلیس و دێڕ بە دێڕی یاساکانی، لە تریبوونی سەرکۆمار و وەزارەتخانە و دام و دەزگا داماڵراو لە هەر کولتوورێکی پێشکەوتوو و بەها مرۆییەکانیەوە، لە پەت و پلپلەی تەرازووە لاسەنگەکەی دەزگا قەزاییە نادادپەروەرەکەیەوە، زووخاوی مەرگ و ڕەشاوی گریان بە سەر هەموو نیشانەیەکی ژیان و خۆشیدا دەڕشێتەوە، بەڵام کوردستان بانگەوازی ژیان بە سەربەستی بە سەر دانیشتوانی خۆیدا دەبەشێتەوە. بڕواننە ڕێورەسمەکانی نەورۆز و شەوی یەلدا و زەماوەند و ڕەشبەڵەکی شار و گوند و هەرەوەزی بە یەکەوەی کچان و کوڕانی شاخەوان و ژینگەپارێز و، چالاکییە کولتووری و شوناسخوازی و شوناسپارێزییەکانی لاوەکانمان، هەموویان نموونەی دەوڵەمەندیی کولتوور و گەشەی عەقڵ و ئاشتیخوازی و وێکهەڵکردن و چوونەپێش لەگەڵ سەردەم و شارستانەتی و مرۆڤایەتیی ئازاد و پێشکەوتوون.
هەر لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا، کورد لە نێو نەتەوەکانی دیکەدا، سەروملی چەند بست بەرزترە. لە هەموو پارچەکانی نیشتمانەکەی، جوانترین نموونەی لە پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئایینە جۆراوجۆرەکان نیشان داوە. لە ملکەچ نەکردن و پڕشانازیترین بەرەنگاری بەرامبەر ڕەوەی جەهل و تیرۆر (داعش)دا، یەکەم بووە. لەدانی سەخاوەتمەندانەترین قوربانییەکان لە شەڕی پێشمەرگە بەرامبەر گەلەکۆمەگیی جیهانیی جەهل ودڕندەیی سەرتۆپ بووە و ئوستوورەی لەشکان نەهاتوویی سەدەی ٢١ی لە کچانی شەڕڤان، بەرهەم هێناوە.
ئەمانە و زۆر نموونەی دیکە لە داهێنان و پێشکەوتنی زانستی و فەرهەنگی و هونەریی لاوانی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان و، بە لێشاو ڕوخساری گەشی دیکەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان، هیچیان بە مێژوو و ناوبانگی نەتەوەکەمان نامۆ نین و لە ئاست هەر هەمووشیان، هەست بە سەربەرزی و شانازی دەکەین. ئەوەی نامۆیە و مایەی شەرمەزاری و هۆی ڕووشان و برینداریی ویژدان و بەدناویی نەتەوەییمان، ئەو تاوانە دڕندانە و پڕشوورەییە پەیتا پەیتایانەن کە بە ناوی نامۆسپەرستییەوە، گیانی کچان و ژنانی کوردستان دەستێنن. ئاشکرایە لە کۆمەڵێکدا کە دەسەڵات و یاسا لە جیاتی لە بەرامبەر ئەو جۆرە تاوانانەدا لەمپەر بن، هاندەر و ڕەوایی پێدەرن، لە کۆمەڵ و لە نێو خەڵكێکدا دین و مزگەوت و پێگە و بەرگی ئایینییش بۆ برەوپێدانی ئەم جۆرە توندو تیژی و تاوانانە، کەلکیان لێ وەربگیرێ، بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە، یەکجار سەختترە.
پاشەکشە بە تاوانخوڵقێنان و هاندەرانی تاوان دژی کچان و ژنان بە ناوی نامووسپارێزییەوە، مومکین نابێ بێ وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی گشتگیری نەتەوەیی. بزووتنەوەیەک کە وێڕای حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و هێز و ئەکتەرە چالاکەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پێویستە کەسایەتییە ئایینییەکانیش،- ئەوانەی کە دووڕوو نین و حیسێبیان لەوانە کە هاوکات «هەم لە تووربێن دەخۆن و هەم لە ئاخوڕ»، جیایە- ڕۆڵی پێشەنگیان تێیدا هەبێ. ئەم بزووتنەوەیە دەبێ لە لایەک ببێتە هێزی گوشار لە سەر دامو دەزگا حکوومەتییەکان کە بە ڕواڵەت ڕاگری ئاسایش و نەزمی کۆمەڵ و پارێزەری گیان و مافی تاکەکانن، بۆ ئەوەی لە ئاست ئەنجامدەرانی تاوانەکان بێهەڵوێست و کەمتەرخەم نەبن. لە لایەکی دیکە پێویستە لە ڕێگای ڕاگەیەنەکان، پەروەردە و فێرکردن، پێکهێنانی گۆڕان لە یاسا و ڕێوشوێنەکانی وڵات و هەرەوەزی ڕۆشنگەرانەی بەردەوام، کار لە سەر گۆڕینی بیرکردنەوەی تاکەکان و پاککردنەوەی کولتووری کۆمەڵ لە بیروباوەڕی چەوت و کۆنەپەرستانە و تاوانخوڵقێنانە، بکەن.
تاکەکانی کومەڵێک چۆن دەتوانن هەست بە ئاسوودەیی ویژدان بکەن، کاتێک ڕۆژانە بێبەشترین و چەوساوەترین مرۆڤەکان، بێ سووچ و تاوان، یا تەنیا بە تاوانی داوای سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان و، بە گوناحی دەنگهەڵبڕین دژی وەک کویلەبوون و وەک کۆیلە ڕەفتار لەگەڵ کران، دەکوژرێن؟ ئەو «تاوان»انەی ژنان و کچانیان لە کوردستان لە سەر دەکوژرێ و ئەتک دەکرێن، شتێک نین غەیری یاخیبوون لە کۆت و بەند و ڕێوشوێن و ژیانێکی بەزۆر بەسەرداسەپاو، یا هەوڵدان بۆ گۆڕینی کولتوورێکی دواکەوتووانە و وەستاندن و سنووردارکردنی زێدەخوازی و زێدەڕۆیی چەوسانەوە بەهۆی پیاوانێک کە بۆ خۆشی و ئاسوودیی خۆیان و دامرکاندنی نەفسی سەرکێشی خۆیان، لە زۆر تاوان و بێئەخلاقی و کردەوەی ویژدان ڕووشێن ناپرینگێنەوە. بەڵام هەر کە کچان و ژنان، سنوورە دیاریکراوەکانی ئەوانیان بەزاند، بێسڵەمینەوە لە سزای ئەم یا ئەو دنیا، کۆتایی بە ژیانیان دێنن. بێدەنگی و بێهەڵوێستی لە ئاست ئەو جۆرە تاوانە، خزمەتە بە درێژە کێشان و بەردەوامییەکەیان. بۆیە لە سەرهەر تاکێکمانە چی دی بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبین و پێویستە بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی گشتگیری کولتووری و کۆمەڵایەتی دژی ژنکوژی، داوێن و ڕوخساری ئینسانی و نەتەوەییمان لە عاری ئەم تاوانانە، پاک بکەینەوە.