۱۷ی پوشپەڕی ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

ڕاپۆرتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە بانەمەڕی ۱۳۹۸ی هەتاویدا

لە ماوەی مانگی بانەمەڕی ئەمسا‌ڵدا هەر نەبێ ۱۰۰ حاڵەتی زبری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردوون.

به‌ پێی بانکی زانیاریی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم مانگەدا‌ لانیکەم ۲۶ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، بەربوونەوە لە شاخ بەهۆی ڕاوه‌دوونانی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی، یان خنکان کوژراون و بریندار بوون. لەو ۲۶ کاسبکارە ۱۱ کەسیان بریندار و ۱۵ کۆڵبەریش کوژراون و گیانیان لە دەست داوە.

کوژران و برینداربوونی ۲۶ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی بانەمەڕ لە حالێکدایە کە لە مانگی خاکەلێوەشدا ۱۳ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە پێناو پارووە نانێکدا کوژرابوون و بریندار بوون. بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کوژراون و بریندار بوون گەیشتۆتە ۳۹ کەس. شایانی باسە کە پارەکە ۲۴۲ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکان بە هۆکاری سروشتیی وەک ڕەقهەڵاتن لە سەرما و هۆکاری ناسروشتیی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژرابوون و بریندار بوون.

لە مانگی بانەمەڕی ئەم ساڵدا هەروەها ۴ زیندانیی کورد ئێعدام کراون و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە زیندانەکاندا ئێعدام کراون گەیشتە ۶ کەس. جێێ باسە کە دەزگای قەزایی ڕێژیم لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم لانیکەم ۴۹ بەندیی کوردی لە زیندانەکانی ئێراندا ئیعدام کردبوو.

لە پێوەندی لەگەڵ گرتن و بەندکراندا، لە ماوەی مانگی بانەمەڕدا لانیکەم ۴۰ کەس بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراون و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیراون، گەیشتە ۶۵ کەس. لەو ۶۵ کەسە لانیکەم ۱۵ کەسیان لە دادگایی ناعادڵانەدا سزای قورسی زیندانیی لە شەش مانگ، ۵ ساڵ و هەتا ۲۰ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. ماوە بڵێین لە ساڵی ڕابردووشدا ۶۴۱ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون.

تەقینەوەی مینی چێندراو لەلایەن کۆماری ئیسلامی لەم مانگەشدا قوربانیی لێ کەوتەوە و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ۶ کەس کە ناوەندی مافی مرۆڤ توانیویەتی ناوی ۲ کەس لەوان ئاشکرا بکا و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون گەیشتە ۷ کەس. دیارە ساڵی ڕابردووش ۴۸ کەس لە کوردستان بەم هۆیە گیانیان لە دەستدا بوو.

خۆکوژی، دیاردەی تژایدیکی مانگی بانەمەڕ بوو. لە مانگی بانەمەڕدا لانیکەم زیاتر لە ۳۶ کەس خۆیان کوشتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ۲۸ کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا خۆیان کوشتوە و ناو و نیشانیان تۆمار کراوە، گەیشتە ۴۸ کەس. لەم ۴۸ کەسە ۲۸ کەسیان ژن و ۲۰ کەسیان پیاو بوون. جێی باسە ساڵی ڕابردووش ۱۷۰ کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوژییان دابوو، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو ببوو، و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێنابوو. لەو ۱۷۰ کەسە ۶۲ کەسیان پیاو و ۱۰۸ کەسیان ژن بوون و که‌م ته‌مه‌نترینیان کوڕێکی ۱۲ ساڵ و به‌ته‌مه‌نترینیان پیاوێکی ته‌مه‌ن ۶۳ ساڵ بووه‌.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code