ئەمڕۆ ڕێکەوتی 9 كانونی یه‌كه‌م ساڵی 2019 زایینی
آموزش وردپرس

فەراز فیرووزی: دانانی ڕەییسی لە لایەن خامنەییەوە بەمانای بەکەم زانینی شعووری گشتیی خەڵکە

دیمانە: ئازاد مستۆفی

ئەو هەواڵەی کە ئەم ڕۆژانە زیاتر سەرنجی عەداڵەتخوازانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا دوو حوکمی سەیروسەمەرە بوو کە یەکیان دانانی ئیبراهیم ڕەییسی بۆ سەرۆکایەتیی دەزگای دادی ئێران لەلایەن خامنەییەوە و، ئەوی تریان سەپاندنی حوکمی دوازدە ساڵ زیندان بەسەر پارێزەر نەسرین ستوودەدا بوو.
بۆیە دەڵێم دوو حوکمی سەیروسەمەرە چونکە هەر لە پڕوپاگەندەی خولی دەیەمی سەرکۆماریی ئێران بوو کە حەسەن ڕۆحانی بە ڕووی ڕەییسی هێنایەوە کە دەستی لە گەندەڵیی ئابووریدا هەبووە و تەنانەت دژبەرانی ڕەییسی نازناوی قازیی مەرگیان بەو دابوو. ئەمە چۆنە لە دەسەڵاتێکدا کە خۆی بە نوێنەری خوا لەسەر عەرز و «ولی امر مسلمین جهان» ئەزانێ، کەسێکی گەندەڵ و قاتڵ بەپێی حوکمی ویلایەتی فەقیهـ ئەبێتە سەرۆکی دەزگای داد و پارێزەرێک کە کاری داکۆکی کردن لە مافی خەڵکە دەخرێتە زیندانەوە؟ بۆ زانیاریی ورد و دروست لە پێکهاتەی دەزگای داد لە ئێران ڕووی ئەم دیمانەیە لە کاک فەراز فیرووزییە. ناوبراو کارناسیی باڵای یاسای لە زانکۆی عەلاممەی تاران وەرگرتووە و ئێستە خوێندکاریی دوکتورای یاسایە لە ئاڵمان.
فەراز فیرووزی کە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شاری سنە لەدایک بووە، سەرەتا لەسەر چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆکی دەزگای داد بەپێی قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا دەڵێ: «پێش ئەوەی بمەوێ وڵامت بدەمەوە بەپێویستی دەزانم بەکورتی لە بارەی چوارچێوە و هەیکەلی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەی کوردستان بدوێم. ئاشکرایە دوای دامەزرانی مەجلیسی خیبرەگان کە لە ڕاستیدا بنەماکەی بەپێی پێوەرگەلی دێموکراتیک نییە و بوون و هەڵبژاردنی ئەندامەکانی هەر لەخۆیدا جێی پرسیارە و لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم مەجلیسەش لەبیرمانە کە هەرچەند شەهید دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو دەنگی هێنابۆوە، لەبەر مەترسیی گیانیی نەیتوانی بەشدار بێ و خومەینی چاوەڕێی دەکرد کە دوکتور گەیشتە تاران نەهێڵێ بگەڕێتەوە. ئەو مەجلیسە کە لە دۆخێکی توندی سەرەتای شۆڕشدا دەستووری ئێرانی داڕشت. پێشنووسێکی دەستوور کە دوکتور ناسر کاتووزیان و چەند مامۆستایەکی بەرزی زانکۆ نووسیبوویان؛ وەلانرا و بەبێ لێکۆڵینەوەی ورد لە بنەماگەلی سەرەکیی یاسایی ئەو پێشنووسەی کە ئایەتوڵڵا محەممەد بێهێشتی دەیویست، پەسەند کرا.
بەڕای من خراپترین ئەسڵی دەستوور کە دەیتوانی پاش بزووتنەوەی مەشرووتەخوازی و بەرامبەر وەستانی «مەشرووتە» و «مەشرووعە» بەیەکەوە هەیانبێ، ئەسڵی چواری دەستووری ئێستای ئێرانە. ئەم ئەسڵە سەرچاوە و دایکی یاساگەلی نۆرماڵی ئێرانە. لەم ئەسڵەدا سەرچاوەی سەرەکیی قانوونی بنەڕەتی، فیقهی ئیسلامیی دیاری کراوە کە ئەمە بووەتە هۆی ژێر ڕکێفخستنی هەموو بەشەکانی تری قانوونی بنەڕەتی. واتە بەپێی ئەم ئەسڵە تەنانەت ڕێسایەکیش ناتوانێ بەپێچەوانەی ئەسڵی چواری دەستوور بێ. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە مەبەست لە فیقهی ئیسلامی، فیقهی ئیمامییەیە. واتە ئەگەر پارلمان پەسەندکراوێک بۆ «مەجلیسی خیبرەگان» ئەنێرێ، بەپێی فیقهی ئیمامییە خوێندنەوەی بۆ دەکرێ. پاش سەرنجدان بە ئەسڵی چواری دەستوور، دەبینین کە زۆر ئایدۆلۆژیک و ئیسلامییە.
لە بواری قانوونی گشتیشەوە کە لە خۆیدا لە دەستووری ڕۆژاواییەوە وەرگیراوە و هەرچەند هەندێ لە فەقیهانی ئەم دواییە باسی قانوونی گشتیی دەکەن بەڵام ناتوانرێ لەگەڵ دەستووری وڵاتانی ئورووپایی بەتایبەت فەڕانسە بەراورد بکرێ.
بەکورتی لەگەڵ دەستوورێکی ئایدۆلۆژی لەسەر بنەمای فیقهی ئیمامییە بەرەوڕووین. بەم پێشەکییەوە کە باسم کرد دەتوانین وردتر باسی دانانی سەرۆکی دەزگای داد بکەین.
ئەسڵی ١٥٦ و ١٥٧ی دەستووری ئێران باسی پێکهێنانی دەزگای داد و چۆنیەتیی دانانی سەرۆکی ئەو دەزگایەیە. لە ئەسڵی ١٥٦دا دەبینین کە دەزگای داد، بێجگە لە پێڕاگەیشتنە دادوەرییەکان، خۆی بە زامنی مافی تاکەکەسی و ئازادییە مەشرووعەکان دەزانێ. بە کورتە ئاوڕێک لە ڕەوتی کردەوەیی دادوەریی دەزگای دادی ئێران، کە لەسەر بنەمای فیقهی ئیمامییە و شیکردنەوەی فەقیهانی شووڕای «خیبرەگان «ـە، بۆمان دەردەکەوێ کە تەنیا زامنی پاراستنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بووە کە بەپێی فیقهی ئیمامییە لە «اوجب واجبات «ـە. واتە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی بەپێی فتوایەکی بەناوبانگی خومەینی کە خۆیان پێی دەڵێن «احکام ثانویه»، پاراستنی کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە «واجباتی دین»یش واجبترە.
بەسەرنجدان و زانین و ڕوونکردنەوەی کورت و پێویست لەمەڕ ئەسڵی ١٥٦ی دەستوور بەم ئەنجامە دەگەین کە ئەو ئامانجانەی باس کرا، نەپێکرا بێجگە لەو «مادە واحدە»ی کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئایەتوڵڵا مەحموودی هاشمیی شاهڕوودی دەربارەی مافی شارۆمەندی پەسەند کرا؛ بەڵام ئەویش نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە ئەسڵی ١٥٧ی دەستووردا هاتووە کە سەرۆکی دەزگای داد دەبێ ئەم پێنج تایبەتمەندییەی هەبێ: ئیجتیهاد، عەداڵەت، ئاگاداری لە ڕەوتی دادوەری، مودیر و مودەبیریش بێ و، لەدوای ئەم تایبەتمەندییانە ئەو کات ویلایەتی فەقیهـ حوکمەکەی بدا. دیارە دەکرێ زۆر لەسەر ئەم تایبەتمەندییانە قسە بکرێ بەڵام من زیاتر هەوڵ ئەدەم لە بواری یاساییەوە بابەتەکە شی بکەمەوە.
«اجتهاد» لە پاش ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی بەوە کورت کرایەوە کە خاوەنەکەی بتوانێ «استنباط» له فیقهی ئیسلامی له بابەتە جۆراوجۆرەکاندا بکا، بەڵام «عەداڵەت» چەمکێکی ئینتزاعیی هەیە و هیچ جۆرە پێوەرێک لەبەر دەستدا نییە کە بتوانرێ عادڵبوون یان نەبوونی کەسەکە هەڵبسەنگێنێ. خاڵی گرینگ لەم پێنج تایبەتمەندییەی بۆ سەرۆکی دەزگای داد دانراوە ئەوەیە کە سەرۆکی دەزگای داد، شارەزا و پسپۆڕ بێ لە سیستم و ڕەوتی دادگا و دادوەریی، کە دانەری ئەم یاسایە لەم بەشە هەرە گرینگەدا هاتووە کەمترین ئاستی پسپۆڕی بۆ تایبەتمەندیی سەرۆکی دەزگای داد داناوە، ئەویش واتە «ئاگاداریی لە کاروباری قەزایی».
ئەم چەمکە کەمترین ئاستی پسپۆڕییە بۆ کەسێک لە پێگەی سەرۆکی دەزگای داد کە دەیەوێ لە ئێرانێکی پتر لە ٨٠ میلیۆنی و فرەنەتەوەییدا عەداڵەت و یەکسانی هەبێ. ئەم چەمکە لە ڕاستیدا چەمکەکانی تری داپۆشیوە و سیستمێکی دادوەریی بێلایەن و سەربەخۆ خەوشدار دەکا. ئاستی ئەم ئاگاداربوونە هەتا چەند دەتوانێ ببێ و زۆر پرسیاری تر کە بێ وڵامن. بەپێی ڕەواڵێک کە سەرۆکەکانی دەزگای داد لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیانبووە کەمتر دەرچووی زانکۆی یاسا بوون و خوێندنی ئاکادیمییان بووە بەڵکوو پتر خوێندنی فیقهییان بووە.
فەراز فیرووزی کە خوێندنی کارناسی و کارناسیی باڵا و مافی مرۆڤی لە زانکۆی عەللامە تەباتەبایی تاران بە پلەی یەکەوە درێژە داوە و دواتر بووەتە پارێزەری «سازمان بازرسی کل کشور»، «باشگاە ورزشی شهرداری سنندج»، «مدیر گروە حقوق دانشگاە پیام نور سنندج»، «مدیر حقوقی اتاق بازرگانی سنندج»، لەسەر ناساندنی ئیبراهیم ڕەییسی و چۆنیەتیی دانانی بە سەرۆکایەتیی دەزگای داد، پێمان دەڵێ: «لەبارەی ڕەییسی بەپێی ئەو سیڤییەی باس کراوە لە بەکالۆریۆسەوە هەتا دوکتورا لە زانکۆی موتەهەری بووە بەڵام کاتێ دەڕوانیتە ئەو چەند بەرپرسیارێتییەی هاوکات بەیەکەوە هەیبووە بێگومان زەحمەتە توانیبێتی بخوێنێ.
لە پاش قەتڵوعامی زیندانییانی سیاسیی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی چەند کاتی هەبووە کە دادستانی تاران بێ و «بازرس کل کشور» بێ و … دوکتورای یاساش بخوێنێ و نامەی دوکتوراش بنووسێ؟ من ڕەییسیم لە نێزیکەوە دەناسی هیچ باوەڕی بە ڕێکخستن و تەشریفاتی دادوەری نییە. لە کۆلێژی یاسا خوێندکار نەبووە و لەو باوەڕە دایە «تەشریفاتی دادڕەسی» شتێکی بێکەلکە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەدی چۆن کەسێکی وا لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە بە سەرۆکی دەزگای دادی وڵاتێک دادەنرێ، دەڵێ: بێگومان ئەمە پرسیارێکی بەجێیە کە چۆن دەکرێ کەسێک دەستی لە قەتڵ و کوشتاری زیندانییانی سیاسیدا بووبێ و تۆمەتبار بێ بە جینایەت دژی مرۆڤایەتی، بەڵام بە سەرۆکی دەزگای داد دیاری دەکرێ. ئەمە پرسیارێکی گەورەیە بۆ یاساناسان و لێکۆڵەرانی ئەم بوارە. دانانی ڕەییسی لەلایەن خامنەییەوە بەمانای بەکەم زانینی شعووری گشتیی خەڵکە. ڕەییسی هیچکات بەرپرسی هۆبەیەکی دادوەریی وەئەستۆ نەبووە و هەر لە سەرەتاوە حوکمی قازیی شەرعی دەسەڵاتی هەبووە. ئەو لە سەرەتای شۆڕشی ئێران ئەندامی دەستەی چوار کەسیی دانی حوکمی ئێعدام بووە.
فیرووزی کە ئێستا لە شاری هامبوورگی ئاڵمان دەژی و خوێندکاری دوکتورایە، لە درێژەدا دەربارەی سیستمی دادوەریی ستاندارد دەڵێ: سیستمی دادوەریی ستاندارد بە یاسای گونجاو و ڕێکخستنی ئیداری و دادوەری و پارێزەریی دەناسرێتەوە کە ئەم تایبەتمەندییانە لە سیستمی دادوەریی ئێراندا بوونیان نییە.
ئەو لە کۆتاییدا لەسەر ڕۆڵ و پێگەی پارێزەر لە ئێراندا گوتی: گرنگترین بنەمای هەر دەزگایەکی داد دوو بەشی دادوەریی و پارێزەرییە کە دەبێ هەردووکیان «مصونیت «یان هەبێ، کە لە ئێرانی پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی مافی سەربەخۆیی کارکردن لە پارێزەر زەوت کرا.
لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی شووڕای شۆڕش پەسندی کرد کە پێنج کەس لە پارێزەرانی دەسنیشانکراو لەژێر سەرپەرستیی شۆڕای ئەوکاتی سەرپەرستیی دادگوستەری، سەندیکای پارێزەران تەسفییە بکەن و ئەو ڕوانگەیە زاڵ بوو کە وەکوو کارمەندێ بڕواننە پارێزەر و هەرکات پێیان خۆش بوو ئەو مافەی لێ بستێننەوە. واتە لێسەندنەوەی سەربەخۆیی لە پارێزەر و خاڵی جێی سەرنج لەم کارەساتە ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی دوو حیزبی نێهزەتی ئازادی و جیبهەی مللی، لە شۆڕای شۆڕشدا بوون و بەم هەنگاوەیان سەربەخۆیی سەندیکای پارێزەرانیان بردە ژێر پرسیارەوە. ئەم بەرتەسککردنەوە درێژەی کێشا و لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی ئەمجارەیان لە تیمێکی سێ کەسی، دوو پارێزەر و دادوەرێ لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕاسپێران کە بەناوی چاکسازی لە سەندیکای پارێزەران، پاکتاوێکی تریان دەست پێکرد. ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی یاسای وەرگرتنی مۆڵەتی پارێزەری باسی کۆمیسیۆنێک دەکا، کە ئەندامانی لە هەر پارێزگایەک بریتین لە سەرۆکی دادگوستەری، سەرۆکی سەندیکای پارێزەران و سەرۆکی هۆبەی یەکی دادگەی شۆڕش.
ئەمانە ئەژماری پارێزەران و تاقیکردنەوەی گشتیی دیاریی دەکەن هەروەها ئەم سێ کەسەن کە دیاریی دەکەن ئەو کەسەی وا خوێندنی ئاکادیمی یاسای تەواو کردووە و داوای مۆڵەتی پارێزەریی دەکا چەند و هەتا چ ڕادەیەک باوەڕمەند بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتی فەقیهە. کە خۆتان بڕواننە پێکهاتەکە بەتایبەت سەرۆکی دادگای شۆڕش کە خودی ئەم دادگایە بوونی لە بواری یاساییەوە جێی پرسیارە؛ زۆر شتمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. کەمایەسیی هەرە بەرچاو و گرنگ لە دەستووری ئێراندا نەبوونی دادگەی دەستوورە بۆ چاودێری بەسەر ئیجرای دەستووردا. لە دەستووری ئێراندا جێی مافی مرۆڤ بەتاڵە.
ئەوەی کە بۆچی عەلی خامنەیی ویلایەتی فەقیهی ئێران، ئیبراهیمی ڕەییسی وەک سەرۆکی دەزگای داد دادەنێ، رێک بەو مانایەیە کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئەسلامیی ئێرانەوە ئەم حکوومەتە ناتەبایە لەگەڵ ڕەچاوکردنی پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ. کاتێ بەوردی وتەکانی ئیبراهیم ڕەییسی لە کۆبوونەوەی گشتی بۆ دەسبەکاربوونی لە سەرۆکایەتیی دەزگای داد دەبیستی بێگومان بەو ئاکامە دەگەی کە ئاسۆیەکی پڕ لە ڕۆژانی توندوتیژی بۆ عەداڵەت و دادوەری لە ئێران لە پێش دایە، چونکە ناوبراو ڕایدەگەیەنێ بنەمای دەزگای داد فەرمان و حوکمەکانی ویلایەتی فەقیهـی ئایەتوڵڵا خامنەییە و؛ دوکتورینی خامنەییش بەها نەدانە بە مافەکانی مرۆڤ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code