ئەمڕۆ ڕێکەوتی 19 ئازار ساڵی 2019 زایینی
آموزش وردپرس

مافی زمانی، مافێک بۆ هەموو وەرزەکان/ عەلی بداغی

بیست ساڵ لە سەدەی بیست و یەک تێدەپەڕێ و ئێستاش بە میلیۆن کەس لە ئێران لە مافە سروشتییەکانیان بێبەشن، هەروەها پتر لە حەفتا ساڵ لە پەسەندکرانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ تێدەپەڕێ؛ کەچی ئێستاش بە میلیۆن مرۆڤ لەم وڵاتە بە قانوون و سیستماتیک لەو مافە قانوونییانە بێبەش کراون. ئەوەی لێرەدا باسی ئێمەیە مافی خوێندن بە زمانی زگماک و پرسی پەرورەدەبوون بە زمانی دایکە.

خوێندن بە زمانی زگماک مافی مرۆیی و سروشتیی هەر مرۆڤێکە کە لە زۆر لە بەڵگەنامە حقووقییە نێونەتەوەییەکاندا پێداگری لەسەر کراوە، وەک: میساقی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، (دێسامبری 1996_ بەندی 27)؛ کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵ (نۆڤامبری 1989_ مادەی 30)؛ جاڕنامەی مافی کەسانی سەر بە کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینی و زمانییەکان، پەسەندکراوی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (دێسامبری 1992)_ بەندەکانی 3 و 4)؛ جاڕنامەی جیهانیی مافە زمانییەکان (پەسەندکراوی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان_1996) و مەنشووری زمانی دایک (یونێسکۆ_ 1996). بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کە ئێران هەموو ئەم جاڕنامە و کۆنڤانسیۆنە جیهانی و نێونەتەوەییانەی بەڕەسمی ناسیوە و ئیمزای کردوون؛ کەچی لە جێبەجێکردندا دەروەستیان نەبووە و بە پێچەوانەیان جووڵاوەتەوە.

گرینگیی خوێندن و پەروردە بە زمانی دایک و بایەخدانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەو مافە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ؟ هاتنەئارای پرسی خوێندن بە زمانی دایکی و داواکردنی وەک مافێکی سروشتی لە ئێران و کوردستان بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران لەبەر چی سیاسەتی تواندنەوە و سڕینەوەی زمانی نەتەوە نافارسەکانی لە ئێران گرتووەتە بەر و چەندەی تێدا سەرکەوتوو بووە؟ لەم نووسینەدا هەوڵ دراوە تەتەڵەی ئەم مژارە بکرێ.

دەروونناسان و کارناسانی پەروردە تێکڕا لەسەر ئەو باوەڕەن کە منداڵ سەرەتا بە زمانی زگماکی خۆی تەعبیر لە هەست و نەستی خۆی دەکا و بە زمانی دایکیی خۆیەتی کە پەی بە سەرەتاییترین ناسکردن و تێگەیشتنی لە خۆی و ژیان و ژینگەی دەورووبەری دەبا. هەروەها پڕۆسەی خوێندن و فێربوون لەگەڵ لەدایکبوونی منداڵ دەست پێدەکا و لە بەردەوامیی ئەم پڕۆسەیە دایە کە بنەما و ڕەگەزەکانی هەوێتی و کێیەتی و شوناسی، بیچم دەگرێ و بۆ ڕۆڵبینین لە کۆمەڵگەدا باری دێنێ. لەبۆیەش بێبەشکردنی منداڵ لەو ڕەوتە سروشتییە و ڕێگرتن لە خەمڵان و پەروەردەی بە زمانی دایکیی، دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی تێگەیشتن و پێگەیشتنی و سنووردارکردنی پێوەندییە دەرەکی و سرووشتییەکانی.

لەخۆڕا نییە کە ئێستا یەک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی سیستمی پەرورەدە لە ئێران کە بەرۆکی ناوچە غەیرە فارس زمانەکانی لەو وڵاتە گرتووەتەوە، دابڕان و وازهێنان لە خوێندن و دابەزینی ئاستی پەروەردەیە. “ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی” لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ لە پێنج ساڵی ڕابردوودا نیزیک بە 5 میلیۆن قوتابی لە قۆناغی سەرەتایی خوێندندا ڕەت بوونەوەتەوە کە بەشی هەرە زۆر و نیزیک بە تەواویان لەو ناوچانەی ئێران بووە کە زمانی زگماکییان فارسی نەبووە، بابەتێک کە نیزامی پەروەردە بەهۆی تێڕوانینی سیاسی؛ هیچ بایەخێکی نەداوەتێ.

پرسی خوێندن بە زمانی دایکی و داواکردنی وەک ماف بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی ڕەزاخان دەگەڕێتەوە، بەڵام سیاسەتی تەواوەتیخوازیی ڕێژیمی پەهلەوی و بەرنامەی تواندنەوەی هەموو جۆراوجۆرییە نەتەوەیی و زمانییەکان لە نەتەوەی فارس و زمانی فارسیدا؛ ڕێی لە هەموو ئەم هەوڵانە دەگرت. تەنیا لە سەردەمی کۆماری کوردستان و ئازەربایجاندا و لە ناوچەکانی بن دەسەڵاتی ئەم دوو حوکمەتەدا و بۆ ماوەیەک دوو نەتەوەی کورد و ئازەری توانییان بە زمانی زگماکی خۆیان بخوێنن و زمانەکەیان بەڕەسمی بناسێنن.

دوای شۆڕشی 1357 کە لەسەر شانی گەلانی ئێران و قوربانیدانی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە سەرکەوت، نیزامی حاکم کە هێشتا نەیتوانیبوو بەتەواوی دەست بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا دابگرێ، لەژێر گوشاردا ناچار بوو مل بۆ داوای خوێندن بە زمانی “قەوم”ـە جۆراوجۆرەکان لە تەنیشت زمانی فارسی ڕابکێشێ و، ئەو ویستە لە ئەسڵی 15ی قانوونی بنەڕەتیی وڵاتدا ڕەنگی دایەوە، ئەسڵێک کە پاش 40 ساڵ ئێستاش نەخرایە بواری جێبەجێکردنەوە و دەوڵەت هیچ لایەکی لێ نەکردەوە. هەڵبەت ئەم هەڵاواردنە هەر زمانی نەتەوە نافارسەکانی نەگرتووەتەوە و بەوەندە سنووردار نەبووە و، هەوڵی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی هەموو ماف و ئازادییەکانی خەڵک بە تایبەت لە کوردستان بووە.

بۆیە دەتوانین بڵێین لە یەک سەدەی ڕابردوودا کە دەوڵەت_نەتەوە و سیستمی ناوەندگەرێتی بەسەر گەلانی ئێراندا سەپاوە، دەسەڵاتی ناوەندی هەموو ڕێککەوتن و کۆنڤانسیۆن و قانوونە نێونەتەوەییەکان لە بواری مافی خوێندن و فێربوون بە زمانی دایکی، بەتەواوی پێشێل کردووە و زۆر پلان و پیلانی نەرم و زبر بۆ تواندنەوە و لەنێوبردنی زمان و کەلەپووری نەتەوە نافارسەکان لە ئێران و، دەغمکردنی لە زمان و کولتووری فارسیدا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و؛ بارتەقای ئەوە و پتر لە مەش هەوڵ بۆ خەمڵاندن و دەوڵەمەندکردنی زمانی فارسی دراوە.

ئەم تێڕوانین و هەنگاونانە لە کۆماری ئیسلامیدا بەوەندەش نەوەستا و لە دەیەکانی ڕابردوودا و لە کوردستان، هەرچەشنە مافویستی و هەوڵدانێک بۆ نرخاندنی زمانی کوردی و داوای مافی زمانی برایە خانەی هەڕەشە لە ئەمنییەتی وڵات و، لەو سۆنگەیەوە زۆر سوارچاک و شۆڕەلاوی کورد لە بەندیخانە پەستاوتران.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا پرسی خوێندن بە زمانی زگماک دەباتە خانەی ئەمنییەتی و بە هۆکاری شکڵگرتنی یەکیەتیی نیشتمانیی دادەنێ کە سەرکوت و زەوتکردنی مافە نەتەوەیی و زمانییەکان خۆی دەتوانێ پەرە بە دابڕان و دوورکەوتنەوە لە یەکتری بدا. نموونەی وڵاتی وەک ئێران زۆرن، بەڵام لەو وڵاتانەی فرەزمانن هەڵبژاردنی سیستمی پەرورەدەیی چەندزمانی بووەتە هۆی یەکیەتی و لەو سۆنگەیەوە لە هەموو بوارەکانی پەرەسەندنی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و مرۆییدا پێش کەوتوون. وڵاتانی سەرکەوتوو لەو بوارەدا کەم نین، هیند بە 23 زمانی ڕەسمی، چین بە چوار زمانی ڕەسمی، بێلژیک بە سێ زمانی ڕەسمی، سوئیس بە چوار زمانی ڕەسمی و عێڕاقی دراوسێی ئێران بە دوو زمانی ڕەسمی چەند نموونەیەکن پێمان دەڵێن فرەزمانی و بەڕەسمی ناسین و کارپێکردنیان نەک هۆکاری ترازان و هەڵوەشانی وڵات نییە، بەڵکوو هۆی پشکوتن و گەشەکردنی کولتووری هاوبەشە و، لە ڕاستیدا ئەوە حاشاکردن و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی جۆراوجۆرییەکانی وڵاتە مەترسی لەسەر یەکیەتیی وڵات دروست دەکا. هەروەها بێ گرینگیدان و ڕێزگرتن لە ویست و مافە زمانی، کولتووری، سیاسی و مەدەنییەکانی پێکهاتەکانی ئێران و بەشدار و هاوبەشکردنیان لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هیچ جۆرە ئارامی و پێشکەوتن و سەقامگیرییەک لەو وڵاتەدا سەر ناگرێ. وە هەروەها دەیان ساڵ سیاسەتی ناوەندگەرێتی و بەربەرەکانی لەگەڵ نەتەوە و زمانە نافارسەکان لە ئێران تا ئێستا هیچ دەسکەوتێکی بۆ نیزامی سیاسی لەم وڵاتە نەبووە و ئەوەی ئەمڕۆ پتر لە هەموو کاتێک دیار و بەرچاوە، مافخوازی و پرسی شوناسخوازیی نەتەوەکان و یەک لەوان کوردە کە لە هەموو بەستێنەکاندا و لە بەستێنی زمانیشدا بەرەوڕووی دەسەڵاتی دەکەنەوە.

زمان نەک هەر مافێکی سروشتی و مرۆیی بەڵکوو بەشێک لە کێیەتیی فەرهەنگی و شوناسی هەر گەلێکە و نوێنگە و دەربڕی هزر و کولتوور و داب و نەریتی نەتەوە و خەڵکێکە قسەی پێدەکەن، بۆیە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی ئەم زمانە لە خەمڵان و بەکارهێنانیدا دەچێتە خانەی دوژمنایەتی و هەوڵدان بۆ سڕینەی کولتوور و هزری ئەم نەتەوەیە؛ هەوڵێک کە یەک سەدەیە دەسەڵاتی ناوەندگەرا لە ئێران دژی نەتەوە نافارسەکان دەیدا و بەرنامەی بۆ دادەنێ، بەڵام بە ئامانج نەگەیشتووە.

کورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئێران مافی خۆیانە زمانی خۆیان دەکار بکەن و هەوڵی پاراستن و خەمڵاندنی کولتوور و زمانەکەیان بدەن. ئەو مافە سروشتی و بنەڕەتییە و، سەنگ و سووکی لەگەڵ ناکرێ و هیچ نەتەوەیەکی دی بۆی نییە بڕیار لەسەر زمانی نەتەوەیەکی دی و چەندی و چۆنیی بەکارهێنانی بدا و ئەو مافە بە خۆی بدا کە چوارچێوە و سنووری بۆ دابنێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code