۱۴ی خاکەلێوەی ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

دژایەتیی دەزگای قەزایی لەگەڵ ئازادیی بەمەرجی محەممەد نەزەری

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی نە رێگە بە ئازادبوونی بەمەرەجی محەممەد نەزەری دەدا، نەدەهێڵێ بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی بەڕێی نەخۆشخانەیەک لە دەرەوەی زیندان بکرێ.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کورد کە نیزیک بە ۲۳ ساڵە بە تاوانی لایەنگری لە حیزبێکی کوردی بەندکراوە، لەو ماوەیەدا نە مەرەخەسیی دراوەتێ، نە ڕێگە دەدرێ بە مەرج ئازاد بکرێ و نە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی ئاوڕی لێ دەدرێتەوە.

محەممەد نەزەری کە نەخۆشیی دڵ و دیسکی هەیە، پزیشکەکان بۆیان نووسیوە کە لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان چارەسەری بۆ بکرێ، بەڵام دەزگای قەزایی ڕێگە نادا و ئەو ناچارە بە دەم ئێش و ئازارەکانی خۆی ڕۆژەکانی سەختی زیندان تێپەڕ بکا.

محەممەد نەزەری، لە دایکبووی ساڵی ۱۳۵۰ ساڵی ۱۳۷۳ لە شاری بۆکان گیرا و لە دادگای ورمێ بە بڕیاری قازی جەلیلزادە، سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا. ئەو حوکمە ساڵی ۷۸ ی هەتاوی بۆ زیندانی ئەبەد گۆڕدرا.

ئەو بەندییە سیاسییە لە ماوەی ئەو ۲۳ ساڵەدا چەند جار نامەی بۆ هاشمی شاهروودی، محەممەد یەزدی و سادق لاریجانی، سێ سەرۆکی دەزگای قەزایی ناردوە و داوای پێداچوونەوە بە پەروەندەکەیدا کردوە، بەڵام لەلایەن هیچ کام لەوانەوە وەڵامی وەرنەگرتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە لە بەندی ۴ی ساڵۆنی ۱۲ی ئەو زیندانەدا بەند کراوە، نەخۆشیی دڵی هەیە و دیسکی کەمەری گرتوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادگای مەهاباد ڕەزایەتی لەسەر نییە، بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان نانێردرێ.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code