ئەمڕۆ ڕێکەوتی 22 كانونی دووه‌م ساڵی 2019 زایینی
آموزش وردپرس

برینداربوونی ٣ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەی سەردەشت

سێ کۆڵبەری دیکەش بوونە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بە پێی هەواڵی “کۆڵبەرنیوز” ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاویی، کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت کەوتنە کەمینی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم، ٢ کۆڵبەر بە ناوەکانی ” ئیبڕاهیم محەممەد ڕەحیم” تەمەن ٤٠ ساڵ و “عەتا محەممەدزادە” تەمەن ٤٨ ساڵ خەڵکی سەقز برینداربوون. ئەو دوو کۆڵبەرە بۆ چارەسەری پزیشکیی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ” قەڵادزی”ی باشووری کوردستان کران .
هەروەها کۆڵبەرێکی تر بە ناوی “ستار خزری” تەمەن ٣٦ ساڵ هەر لە ناوچە سنووریەکانی سەردەشت کەوتە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی چەکەکانی هێزەکانی ڕێژیم و بە توندی بریندار بوو و بۆ چارەسەریی پزیشکیی ڕەوانەی شاری مەهاباد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی وەرزانەی “چاونیوز” لە ماوەی ئەم سێ پاییز 70 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری‌ و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەو 70 کەسە 23 کەس کوژراون و 47 کەسیش بریندار بوون. له‌و 23 کۆڵبەر و کاسبکاره‌ کە کوژراون، 16 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، 3 کۆڵبەر و کاسبکاریش بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی یان وەرگەڕانی ترۆمبیلەکانیان مردوون و 7 کۆڵبەریش بەهۆی کەوتنە ژێر ڕنوو و مانەوە لە سەرما و بەستەڵەکدا لە سەرما ڕەق هەڵاتوون. لەو 47 کۆڵبەرەش کە بریندار بوون، 43 کۆڵبەریان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون و 4 کۆڵبەریش بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکان و لە ئاکامی بەربوونەوە لە بەرزایی برینیان هەڵگرتووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

*

code