بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی بانە دوو کۆڵبەر کوژران و بریندار بوون.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی سەرماوەز هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە پایگای ماڵتەی بانە تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە و لەو دەستڕێژەدا یەک لەوانیان کوشتووە.
هادی سەلیمی، تازەترین قوربانیی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە.
کوژرانی ئەو کۆڵبەرە لە حاڵێکدایە کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٦ی سەرماوەزیش هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە پایگای بڕوێشکانی پۆلێک کۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی مێهدی ئەمینی بریندار بووە. لەو ڕووداوەدا چەکدارێکی هێزەکانی ڕێژیمیش بەناوی “مستەفا عەبدولمەلیکی” کوژراوە.
هۆکاری کوژرانی ئەو چەکدارەی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ڕانەگەیەندراوە.