دوو هاونیشتمانیی خەڵکی گوندی “قەرەگۆل” سەر بە شاری بۆکان بە ناوەکانی “ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور” برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و “هێمن ئیبراهیم حەمزە”، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی ئەم شارە، بە تۆمەتی “پڕۆپاگاندە دژی نیزام”، هەر کامیان بە سێ مانگ بەندکران سزا دران.
ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەز بە ناوبراوان ڕاگەیەندراوە.
ئەم دوو هاونیشتمانییە بەرەبەیانی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ حوکمی دادوەر لە ماڵی خۆیاندا دەسبەسەر و ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ کران.
ئیدریس و هێمن، ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرابوون.
شایانی باسە کە؛ ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا لە بۆکان، بەهۆی ئەشکەنجەدانییەوە لە ناوەندە ئەمنییەکان و چوونەوەی دۆخی کۆما، لە نەخۆشخانەی “قولیپوور”ی بۆکان گیانی خۆی لەدەست دابوو.