بە پێی ئەسڵی ١٥ دەستووری ئێران، نەتەوە نافارسەکان مافی ئەوەیان هەیە زمانی خۆیان فێربن! هەر چەندە ئەوە بۆ چل وچوار ساڵ ئەچی کە بە کردەووە ئەوەیش ئێجرایی نەبووە.
فێرکاری زمان کاتێ مانای هەیە که ئەو زمانه لە ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئیداری و سیاسی کۆمەڵگادا بەکار بێت و رێگەپێدراو بێت. ڕاستە ئێمە لە ئێستای ئێراندا دەتوانین زمانی کوردی لەسەر گیرفانی خۆمان فێربین؛ بەڵام پاش فێربوونی دەرەتانی بەکارهێنانی ئەو زمانە لە کۆمەڵگای ئێراندا لێمان گیراوە و ئێمە نە لە ئیدارەیەک دەتوانین زمانی کوردی بە ڕەسمی بەکاری بێنین و نە لە بازارێ ئابوریدا کاتالۆگێک بە زمانی کوردی نوسراوە و نە بۆمان هەیە رێککەوتنێکی دوو قۆڵی بەزمانی کوردی بنوسین و سبەی بتوانین ئەو رێککەوتنە لە دادگایەک بکەینە بنەمایی کرین و فرۆشتنی مڵکێکی دوو هاووڵاتی کورد!
نوسەر و وەرگێری کورد ئەگەر هەموو تەمەنیان تەرخان بکەن بۆ فێربوونی زمانی خۆیان و کتێب لەسەر کتێب بنوسن و وەرگێرن!! دواتر هەر ناچارن بۆ بژێوی ژیان رێگای غەیری قەڵەم بگرنە بەر و پێنووسەکەیان نابێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ژیانێکی خۆشتر ڕابوێرن! ئەگەر قەڵەم سەریان بە فەتەڕات نەدا، بە دڵنیایەوە زگیان تێر ناکات!! چون بازاری فرووشی کتێبی کوردی نییە و خوێندنەوە لە ئێران تەنیا بە زمانی فارسی ساپۆرت دەکرێت!
کە وەهایە مافی فێربوونی زمان بێ مافی بەکار هێنانی زمان، کڵاو سەرنانە نەک ماف دان.
رۆژی جیهانی زمانی دایک پیرۆز بێت