لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، “یووسف حاجیخۆش”، چالاکی مەدەنی و لە ئەندامانی شۆرای ناوەندی و لێژنەی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد، لەلایەن دادگای شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر “ئەنساری”، بە ١٠ مانگ بەندی تەعزیری حوکم درا.
ناوبراو کە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ دەسبەسەر و دوای نزیکەی مانگێک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو، لەلایەن دادوەر ئەنسارییەوە بە تۆمەتی “هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران”، بە ٣ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران حوکم درابوو.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی گوت: ئەم حوکمە لە حاڵێکدا بە یووسف ڕاگەیەندراوە کە ٩ مانگی تەعزیری و ئەوی دیکەی بە شێوەی هەڵپەسێردراوە. بەڵام بنەماڵەکەی نیگەرانی ئەوەن کە دوای ڕاگەیاندنی ١٠ مانگ بەندکرانی دیکە، بەندکرانە هەڵپەسێردراوەکەش بگۆڕدرێت بۆ بەندی تەعزیری.
ئەم هاونیشتمانییە خەڵکی گوندی “کۆنە قەڵا” سەر بە شاری شنۆیە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ماوەی بەندکرانەکەی تێدەپەڕێنێت.