چاونیوز: ئێران داوای لە یونان کردووە پەناخوازێکی کورد ڕادەستی بکاتەوە، ئەو وڵاتەش هاونیشتمانییە کوردەکە دەگرێ و ئێستا مەترسی ئەوە هەیە بۆ ئێران بنێردرێتەوە.
بە پێێ هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، لەو چەند ڕۆژە ڕابردوودا پەناخوازێکی کورد بە ناوی جەلال پیرۆتی خەڵکی شاری شنۆ کوڕی عەبدوڵا تەمەن ٤٥ساڵ دوای ئەوەیکە ساڵانێک بوو لە وڵاتی تورکیە مابۆوە، وێرای کچەکەی دەچێتە وڵاتی یونان و لەوێش بە پلانی دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ئێران بە دەستی پۆلیسی یونان دەگیرێ.
سەرچاوەیەک لەمبارەیەوە بە چاونیوزی گوت: جەلال وێڕای کچە تەمەن ١٨ سالانەکەی بەناوی هاوژین دوای چەندین ساڵ مانەوە لە تورکیە و بێ هیوا بوون لە بەڕێکردنی، دەچێتە یونان و لەوێ لە شارێک بە ناوی سالۆنیک پۆلیس پێشیان پێ دەگرن و پێیان ڕادەگەیێنن، پۆلیسی ئینتەرپۆلی ئێران سکالای لێت هەیە و داوای کردووی و ئێمە دەبێ بتگرین.! دوای ئەمە بەزۆر دەیگرن و لە کچەکەی دوور دەکەنەوە و دەگەڵ خۆیان دەیبەن، وەک زانراوە ئێستا لە بەندیخانەیەک بە ناوی دیاواتا لەم شارە ڕاگیراو.
جێگای ئاماژەیە، جەلال پیرۆتی بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندام بوون لە حیزبی دێموکرات مەترسی گرتنی لەسە بووە هەربۆیە ساڵی ١٣٩١ بەناچار کوردستان بەجێ دێڵی و ڕوو لە وڵاتی تورکیە دەکات و لەوێ خۆی بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی پەنابەران دەناسێنی، هەروەها دوو برای جەلال بە ناوەکانی عومەر پیرۆتی و حەسەن پیرۆتی لە دەیەکانی شێست و برازایەکی بەناوی بێهزاد پیرۆتیش لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕێزەکانی حیزبی دێموکرات گیانی خۆیان داناوە و شەهید بوونە.
ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیگەرانی خۆی لەهەمبەر دۆخی جەلالی پیرۆتی دەردەبڕێ و داوا لەسەرجەم ڕێکخراوەکانی داکۆکیاری مافی مرۆڤ دەکات، با نەهێڵین جەلال ڕادەستی ئێران بکرێتەوە چوونکە لە حاڵەتێکی وادا مەترسی جدی بۆسەر گیانی ناوبراو دەبێ.