ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، هاونیشتمانییەکی ژنی خەڵکی ئاودانان بەناوی “فاتمە شێخی” ٢٢ ساڵە، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەوشارە بە سەرۆکایەتی “محەممەد غوڵامی” بە تۆمەتی “بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان” سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
فاتمە شێخی چالاکی مەدەنی خەڵکی ئاودانان مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ دوای بڵاوکردنەوەی چەند ستۆری لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا لەهەمبەر ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵکشانی ڕۆژانەی سەپاندن و جێبەجێکرانی سزای سێدارە، بۆ دادگای گشتی و شۆڕشی ئەو شارە بانگ کرا و دوای ڕوونکردنەوە و ڕاگەیاندنی تۆمەتەکانی بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.
ئەو هاونیشتمانییە کوردە لە کاردانەوە سەبارەت بەو سزایە نووسیویەتی؛ بە هۆکاری هەڵوێست و کاردانەوەم سەبارەت بە سزای سێدارە، ساڵێک بەندکرانم بەسەردا سەپا.