لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا 18 کۆڵبەر و کاسبکاری دیکەی کورد بوونە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی، بەوەش ژمارەی ئەو کۆڵبەر و کاسبکارانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کوژراون و بریندار بوون؛ گەیشتە 104 کەس.
بەپێی بانکی زانیارییەکانی “چاونیوز”، ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم مانگەدا کە ڕابرد لانیکەم 18 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزه چهکدارهکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. لەو 18 کاسبکارە 13 کەسیان بریندار بوون و 5 کۆڵبەریش کوژراون و گیانیان لە دەست داوە. لە مانگی پووشپەڕیشدا 30 کۆڵبەری ناوچە سنوورییەکان کوژرابوون و بریندار بوون.
کوژران و برینداربوونی 48 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە دوو مانگی هاوینی ئەمساڵ لە حالێکدایە کە لە سێ مانگی بەهار و وەرزی یەکەمی ساڵدا 56 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە پێناو پارووە نانێکدا کوژرابوون و بریندار بوون. بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کوژراون و بریندار بوون گەیشتۆتە 104 کەس.
شایانی باسە کە ساڵی ڕابردووش لانیکەم 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکان بە هۆکاری سروشتیی وەک ڕەقهەڵاتن لە سەرما و هۆکاری ناسروشتیی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژرابوون و بریندار ببوون.