چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار سەبارەت بە داخرانی کافەکتێبی “ئەندێشە”ی ئەو شارە و بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەرانبەر بە بەڕێوەبەران و ئەندامانی ئەو ناوەندە لە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز، بە بڵاو پەیامێک ئەو هەوڵەیان بەتوندی مەحکووم کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
کوردستانییانی هێژا، چالاکانی مەدەنی و هۆگرانی کتێب و خوێندنەوە!
هەر وەکوو ئاگادارن، بە بڕیارێکی تەواو نایاسایی و داسەپاو، لە ڕۆژی ٢٢ی سەرماوەزدا، ناوەندی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشەی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتتلاعاتەوە داخرا.
کافەکتێبی ئەندێشە، وەکوو ناوەندێکی مەدەنیی شوێندانەر و خاوەنگوتار، لە ماوەی شەش ساڵی مێژووی پڕدەسکەوتی خۆیدا، هەر زوو بوو بە ڕێکخراوەی جێمتمانە و خۆشەویستی توێژە جیاجیاکانی خەڵکی پیرانشار و هەروەتر بە بەرزکردنەوەی درووشمی “کافەکتێبی ئەندێشە، بێشکەی بەرهەمهاتنی بیری ئازاد” بوو بە دەنگی زوڵاڵی مافویستیی چالاکانی مەدەنی و بە بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک کۆڕبەند، پانێلی زانستی، چالاکیی پەروەردەیی و مەیدانی و هتد، جێپەنجەی خۆی لەسەر نەخشی شوناسخوازانەی گەلی خۆیدا جێ هێشت.
بە شانازییەوە لە ساڵانی ڕابردوودا ئێمەش وەک ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار، هاوکات لەگەڵ ئەکتی پەروەردەیی، توانیمان لە توێی کۆمەڵێک کاری مەیدانیی هاوبەشدا، لەوانە کەمپەینەکانی کرماشان و کۆتۆل، لەگەڵ ناوەندی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە و بە پاڵپشتیی خەڵکەکەمان، ئەرکی نیشتمانیمان بە جێ بگەیێنین و بێگومان ئەم چالاکییە هاوبەشانە وەک لاپەڕەیەکی زێڕینی ڕابردووی ڕێکخراوەکەمان دەنرخێنین.
لێرەدا جەخت دەکەینەوە کە هێرشکردن بە چەک بۆ سەر ناوەندی مەدەنیی ئەندێشە، بە هێرشکرانە سەر کتێب، کتێبخانە و ڕەوتی پێشکەوتنخوازی دەزانین و پێمان وایە بەکارهێنانی توندوتیژی لە بەرانبەر ناوەندێکی مەدەنی، پێشاندەری ئەوپەڕی بێدەسەڵاتی و شکستی ڕاستەقینەی تفەنگ لە بەرانبەر قەڵەمدایە!
هەر بۆیە، ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار، داخرانی ناوەندی کافەئەندێشە و دەکارکردنی توندوتیژی بەرانبەر بە هەڵسووڕاوانی ئەم ناوەندە، بەتوندی شەرمەزار و مەحکووم دەکات.
لە کۆتاییدا، دڵنیایی دەدەینەوە بە هاوشارییان و هاووڵاتییان، کە گوشارەکان ناتوانن ڕێگری بکەن لە بەرەوپێشچوونی خەباتەکەمان و بەم هەوڵانە، چالاکیی مەدەنی لە پیرانشار ناوەستێت؛ بەڵکوو بەگوڕتر لە جاران درێژەی پێ دەدرێت.
ورەتان بەرز، هەنگاوتان بەردەوام!
ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار
٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی