چاونیوز: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە: وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر چارەسەرکردنی پزیشکیی بەندکراوێکی سیاسیی کورد داوای لێکردووە کە دەبێ لەسەر تلویزیوندا دان بەو تاوانانەدا بنێ کە خراوەنەتە پاڵی.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا وێڕای هوشداری بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ئەوە وەزارەتە لە هەمبەر چارە سەرکردنی پزیشکیی بەندکراوی سیاسیی کورد” زەینەب جەلالیان” داوی لێکردووە کە دەبێ لە پێش چاوی کامێرا دان بەو تاوانانەدا بنێ کە وەزارەتی ئیتلاعات داویانەتە پاڵی و ئەگەر ئەم کارە نەکا چارەسەریی پزیشکیی وەرناگرێ.
ئەو ڕێکخراوە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند کە ئەم داواکارییەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران جۆرێکە لە ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافی بەندکراوانی سیاسیی لە ئێران و جەلالیان بەهۆی تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا پێویستی بەچارەسەریی خێرا هەیە و نابێ وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەوە زیاتر ئەو بەندکراوە سیاسییە ئەشکەنجەبدا.
زێنەب جەلالیان لە ساڵی ١٣٨٦ـەوە بەبێ ئیزنی وەرگرتنی مورەخەسی لە بەندیخانەدایە.