هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئەلەشتەر سەر بە پارێزگای لۆڕستان بە ناوی “مستەفا قاسمی حەسەنوەند”، دوای دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بە توندی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە و هەنووکە دەورەی حوکمەکەی بە شێوەی “ڕای کراوە” تێدەپەڕێنێت.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی ڕاگەیاند: مستەفا قاسمی حەسەنوەند، بەندکراوی خەڵکی ئەلێشتەری شارستانی سلسلە، لەم دواییانەدا و دوای دەورەیەکی توندی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، بە گۆڕانی حوکمی بەندکرانەکەی بە ڕای کراوە، دەورەی حوکمی خۆی تێدەپەڕێنێت.
بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە: مستەفا لە هەنووکەدا وەک بەشێک لە حوکمەکەی بە شێوەی ڕای کراوە، ڕۆژانە لە شارەوانیی ئەلێشتەر ئامادە دەبێت.
ناوبراو لە کاتی دەسبەسەربوونی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا و هەروەها لە ماوەی بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەماوا، لەلایەن هەندێک لە بەندکراوان ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە.
مستەفا قاسمی حەسەنوەند، خاکەلێوەی ١٤٠٣، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی شارستانی سلسلە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “ڕۆستەم عەشایەری”، بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبە کوردییەکان”، بە سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری حوکم درابوو.
ئەم هاونیشتمانییە دواتر بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەماوا (پارسیلۆن) کرا و دوای تێپەڕینی ١٠ مانگ بە گۆڕینی حوکمەکەی بە ڕای کراوە، لەم بەندیخانەیە ئازاد کرا.