درێژەی بەشی بیست و یەک…
مەبەست لە مافەکانی مرۆڤ چییە؟
ئەو کۆسپەی کە لە پێناسە کردنی ناوەڕۆکی مافەکانی مرۆڤ سەرچاوە دەگرێ بۆ لایەنی مانایی و چەمکیی “حقوق” دەگەڕێتەوە کە لە نێو فەیلەسووفان باس و خواستێکی زۆری لەسەرکراوە و دەکرێ. بە شێوەیەکی گشتی لەهەمبەر ناوەڕۆکی حقوق دوو بۆچوون هەیە: ئەو بۆچوونەی کە لەسەر خواست یان ئیرادە پێدادەگرێ و بۆچوونێک کە تەکووزی دەکاتە سەر بەرژەوەندی و قازانج.
مافەکانی مرۆڤ بە ڕوانینی خواست یان هەڵبژاردن
لە بۆچوونی یەکەم کە داکۆکیکاری سەرەکی هاوچەرخ “هارت”ە، مافی تاک زانراوە. بەپێێ ئەو بۆچوونە، ماف بریتییە لە ئەو دەستەڵاتەی کە یاسا بە تاکەکانی بەخشیوە هەتا کارێک بکەن یان نەیکەن، کەوابوو تاک دەتوانێ لەو مافەی کە هەیەتی واز بێنێ یان نەهێنێ. هیندێک لایەن ڕەخنە لەم بۆچوونە دەگرن، ئەوەیکە بەشێک لە مافی تاک وەک مافی ژیان ناکرێ وازی لێبێنی یان بیبەخشییە کەسێکی تر، ئایا کەسێک دەتوانێ مافی ژیان کردن لەخۆی بستێنێ و یان دەستەڵاتی ژیانی خۆی بداتە دەست کەسێکی تر؟ ئایا ئەرکی لەبەرچاو گرتنی مافی ژیانی ئیتران بە ڕزامەندی خاوەن ماف، لەناو دەچێ؟ هیچ کەسێک ناتوانێ ئەوەیتر تەنانەت بە ڕزامەندی خۆیشی، بکووژێ یان ئەشکەنجە بکا. لەلایەکی تر لەم بۆچوونەدا لە نێوانی مافی سوود و چێژ وەرگرتن(حق تمتع) و مافی تەواوەتی وەرگرتن(حق استیفاء) هیچ تەوفیرییەک بەدی ناکرێ. بەشێک لە مافەکان بەجۆرێکن کە خاوەنەکەی هێز و دەستەڵاتی ئەوەی نییە کە لە مافی ئیستیفا کەڵک وەرگرێ وەک مناڵان، کە داواکاری مافەکانیان لەسەر شانی دایک و باب یان سەرپەرستەکانیانە و مناڵان نازانن چۆناوچۆن کەڵک لە مافی”تەواو” وەرگرن. یان ئەمڕۆ باسی مافی ئاژەڵان، دارودرەخت و لێواری زەریاکان و… دەکرێ کە لە پێوەندی دەگەڵ ژینی هۆڤێتی ئێکۆلۆژی و ژینگە، گەشەی کردووە. ئاژەڵان، چیاکان و زەریاکان، لێرەوارەکان چ دەستەڵاتێکیان هەیە؟ لە باسی مافەکانی مرۆڤیش ئەمڕۆ باس لە مافی ناسراو بە “جیلی چوارەم” و مافی نەوەکانی داهاتوو دەکرێ کە دژایەتی دەگەڵ ئەم بۆچوونە هەیە.