بەرەبەیانی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣، هاونیشتمانییەکی لاوی خەڵکی قەسری شیرین بە ناوی “محەممەد عەزیزی”، لە بازاڕچەی سنووریی پەرویزخان بە سێ فیشەکی هێزەکانی تایبەتی ناسراو بە “نوپو” کوژرا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی: بەرەبەیانی یەکشەممە، چەکدارانی “نوپو” (هێزە تایبەتەکانی پاسدارانی ویلایەت) بە چوونە نێو بازاڕچەی سنووری، دەسبەجێ هێرشیان کردە سەر ئەم هاونیشتمانییە و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ کرد.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: حەوتووی ڕابردوو محەممەد عەزیزی لەگەڵ چەکدارانی حکوومەت تووشی تیکهەڵچوون ببوو و دوای ئەوە ئەم هێزانە بۆ دەسبەسەرکردنی ناوبراو، حوکمی تیریان لەلایەن دادستانی قەسری شیرینەوە وەرگرتبوو.