کۆڵبەرێک خەڵکی “زێوە”ی سەردەشت بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا.
ڕۆژی هەینی 18ی خەزەڵوەر پۆلێک کۆڵبەری ناوچەی سەردەشت دراونەتە بەر دەستڕێژی هێزی چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامی ڕاوەدوونانی ئەم کۆڵبەرانە یەک لەوان بە ناوی شێرزاد (یۆنس) ئیبراهیمی لە شاخی بەربووەتەوە و گیانی لە دەست داوە.
مەرگی ئەم کۆڵبەرە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە 31 کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون.
شایانی باسە لە کاتێکدا کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانن، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 183 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لە دەست دا و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو 183 قوربانییە 79 کەسیان کوژراون و گیانیان لە دەست داوە، هەروەها 104 کەسیش بریندار بوون.