بەپێی ئاماری ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)، لە مانگی بەفرانبار لانیکەم ٧١ کەس بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراون.
لە وەرزی بەهاری ئەمساڵیشدا لانیکەم ١٠٦ کەس، لە وەرزی هاوین ١٩٢ کەس و لە سێ مانگی پاییزیشدا ١٤٣ کەس بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی لەدژی ڕێژیم گیرابوون و بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیراون، گەیشتە ٥١٢ کەس.
لەو ٥١٢ کەسەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی بەفرانبار دەسبەسەر کراون، لانیکەم ١٥٣ کەس لەوان دادگایی و حوکمی زیندانیان بەسەردا سەپاوە و ژمارەیەکی زۆرتر لەوەندەش هێشتا لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتدا دەسبەسەرن و چارەنووسیان ناڕوونە.
هەر لەو مانگەدا زیندانییەک بە ناوی ئەکبەر مستەفا لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا گیانی لەدەست دا. هەروەها زیندانییەکی دی بە ناوی بەهمەن عوقابی، تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی گوندی “چەقاجەنگا”ی سەر بە شابادی کرماشان کە بە هۆی لێدان و ئەشكەنجەی هێزەکانی ئاگاهیی کرماشانەوە چووبووە کۆماوە، لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.