چاونیوز: دەسبەسەر کردنی شەش هاونیشتمانی لە شارەکانی سنە، مهاباد، پاوە و دیواندەرە.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٩، ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی سنە بەناوی مەحموود مەحموودی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
ناوبراو هەشت ساڵ پێش کاتێک سەرنووسەری “ندای گروس” بوو بە تۆمەتی بێ بنەما گیرابوو هەروەها یەکێک لەو کەسانە بوو کە خوازیاری ئازادی ئەو دەسبەسەرکراوانەی ئەم دواییە بوو و لە چالاکییەکی کۆکردنەوەی واژۆدا بەم مەبەستە بەشداری کردبوو.
هەروەها لە دەڤەری شاری پاوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ئاوایی بانەوەرە و سێ هاونیشتمانی بە ناوەکانی بەهمەن فەتاحی، عابد فەتحی و مالک کەریمی یان دەسبەسەر کرد.
لەلایەکی دیکەشەوە، دوو هاونیشتمانی تر کە پێشتر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون ناوەکانیان ئاشکرا کران.
هاونیشتمانییەک بەناوی ساکار عەینی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە تاران دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کرا.
لەهەمان کاتدا، هاونیشتمانییەکی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی ئیدریس وەیسی بە شیوەیەکی زۆر نەشیاو و پڕسووکایەتی و لێدان و کوتان لە ماڵەکەی خۆی قۆڵبەست کرا.
هەتا ئێستا دیار نییە ئەو هاونیشتمانیانە لەسەر چی گیراون.