چاونیوز: وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستان زەوی قوتابخانەکان دەکات بە دووکان و بەکرێیان دەدات!
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندووە، ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بودجەی خۆی پەنای بردووەتە بەر فرۆشتنی زەوی قوتابخانەکان.
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە لە ١٨ پارێزگای ئێران، بڕی ٩٩٣ هەزار میتری چوارگۆشە لە زەویی قوتابخانەکان، دەبێ کاربەرییان لە پەروەردەوە بۆ بازرگانی بگۆڕدرێت و ئامانج لەو کارەش کەڵکوەرگرتن لە حەوشە و زەویی قوتابخانەکانە، بەتایبەت ئەوانەی لە ناوەندی شارەکان هەڵکەوتوون، بۆ دروستکردنی دووکان و بەکرێدان یان فرۆشتنیان.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە دوو قوتابخانەی بۆکان لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی ئەو شارەوە بەشێکیان کراونەتە دووکان.
یەک لەو قوتابخانانە، قوتابخانەی کچانەی “فاتمەی زارا”یە کە لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارەیە و ٤ دووکانیان لێ دروست کردووە و بەکرێیان داوە.
هەروەها یەکێکی دیکەشیان قوتابخانەی “ئەدەبـ”ـە کە دەکەوێتە بەرانبەر موخابەراتی کۆنی ئەو شارەوە و نزیک ١٠ دووکانی لێ ساز کراوە و بەکرێ دراون.
ئەو ڕیزە دووکانە لە باشترین شوێنی شاری بۆکان هەڵکەوتوو و خاوەندارییەتییەکەی بە ناوی شارەوانییەوە کراوە و کرێی هەر دووکانێک زیاتر لە ٢ میلیۆن و نیوە، واتە ئەو قوتابخانەیە ساڵانە بە تەنیا خۆی زیاتر لە ٣٠٠ میلیۆن تمەن داهاتی هەیە و هەموو داهاتەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەندی پارێزگای ورمێ.
سەرەڕای ئەو هەموو داهاتەی کە لەو دووکانانە بەرهەم دێت ئەو قوتابخانانە لە زۆربەی پێداویستییەکانی وەرزشی و پەروەردەیی بێبەرین.
جێی ئاماژەیە کە، پێشبینی دەکرێت ڕێژەی قوتابیان لە ئێران هەتا پێنج ساڵی داهاتوو بگاتە ١٧ میلیۆن کەس و لە بەرانبەردا لەگەڵ گرانبوونی ڕۆژبەڕۆژی خاک و زەوی لە ئێران، دروستکردنی قوتابخانەی نوێ لە داهاتوودا دەبێتە کێشەیەکی گەورە لە ئێراندا.