سامرهند عهتری
مەحموود دەوڵەتئابادی، نووسەری فارسی ئێرانی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ: ”لەبیرم ناچێ ڕێژیمی سیاسیی ئێران، کە تۆش هەمیشە یەکێک لە ئەندامانی دیار و لێزانی بووی، بە تاوانی نووسین و بیرکردنەوە چیی بەسەر من نەهێناوە.”
ئەم پەیامە لە کۆڕێکدا بە ناوی ”خستنەڕووی داواکارییەکان لە سەرۆککۆمار”، ڕۆژی سێشەممە ٩ی مانگی جۆزەردان (٣٠ی مانگی مەی) لە زانستگەی (عیلم و سەنعەت)ی تاران بڵاو کراوەتەوە.
ڕۆمانێکی دەوڵەتئابادی بە ناوی ”نەمانی کۆلۆنێل”، چەندین ساڵە لە لایەن ئیدارەی سانسۆڕی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕاگیراوە و مۆڵەتی چاپ و بڵاوبوونەوەی پێ نادرێ.
ئەو نووسەرە فارسە، کە تەمەنی ٧٧ ساڵە، لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا دەنگی بە ڕۆحانی داوە و، گوتوویەتی: ”بەردەوام چاوەڕێم کە قانوونەکان ببن بە قانوون و جێبەجێ بکرێن.”
دەوڵەتئابادی گوتوویەتی: ”هەر لەو بوارەدایە کە توندڕۆییم سەرکۆنە کردووە و بەڕوونی گوتوومە ئێران بەشی هەموو ئێرانییانە، واتە هەر بەشی دەستەیەکی تایبەت و جەماعەتێکی دیاریکراو نییە.”
ئەو نووسەرە فارسە ساڵی ١٣٩٢ش، کە حەسەن ڕۆحانی بۆ جاری یەکەم بوو بە سەرۆککۆماری ئێران، نووسیبووی: ”هیوادارم کرانەوە لە بەرژوەندیی گەل بێتە گۆڕێ و، هیواداریشم وەدرەنگ نەکەوتبێ.”