چاونیوز: بەو خۆکوژی دووکەسی خەڵکی بۆکان و ئیلام، ٦ کەس لە کوردستان لە یەک حەوتوو دا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە سێ کەسیان کچی تەمەن خوار ١٨ ساڵ بوونە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٩، لاوێکی تەمەن ٣٥ ساڵانە خەڵکی بۆکان بەناوی ڕەشید کورد کوڕی ڕەسووڵ لە یەکێک لە کۆڵانەکانی نوور لە گەڕەکی نێوان کولتەپە و شارەکی فەرهەنگیان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ڕەشید کورد خێزاندار و باوکی مناڵێکی کچ بووە.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٩، پیاوێکی تەمەن ٣٧ ساڵانە دانیشتووی سەرابلەی شاری ئیلام بە هۆی خواردنی حەبی برنج کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئەو لاوە ماوەیەک بەرلە خۆکوژی بە حەبی برنج بە بڵاو کردنەوەی ویدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای گەردەن ئازایی لە کەسوکار و خزم و دۆستەکانی کردبوو.
جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەوە شەشەمین خۆکووژییە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری دەکا کە لەم ژمارەیە چوار کەسیان کچ بوونە کە تەمەنی سێ لەوانە ژێر ١٨ ساڵ بووە.( ١٦ی بەفرانبار تارا تەمرخانی تەمەن ١٣ ساڵانە لە سەرپێڵی زەهاو، ئاراس محەممەدئەمینی خەڵکی سەقز تەمەن ١٦ ساڵە و کچێکی خەڵکی دیواندەڕە بە ناوی هاوژین تەمەن ١٤ ساڵانە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.)