چاونیوز: لە درێژەی ڕەشبگیریی هاونیشتمانیان لە کوردستان لاوێکی خەڵکی ورمێ دەسبەسەر کراو و، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی شنۆش گەیشتە دە کەس.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، بەربەیانی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٣٩٩، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی ئاڵیاوێ سەربە شاری شنۆ بەناوی فەردین بایزیدی لە ڕێگای نێوان شنۆ نەغەدە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بە دەسبەسەر کردنی ئەو هاونیشتمانییە ژمارەی گیراوانی شنۆ لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە دە کەس.
لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندان هاونیشتمانییەکی خەڵکی ورمێ بەناوی ڕەسووڵ قزڵباش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
لەماوی نزیک سێ حەوتووی رابردوو ٨٩ کەس لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە کوردستان دەسبەسەر و لە چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەست دانییە.